فەلاح مستەفا: سەرۆکی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابووری گفتوگۆ دەکەن

26-06-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە بەرلین سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە یاوەریی نێچیرڤان بارزانییە بۆ ئەڵمانیا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکاندا دۆخی شنگال، ژینگە، وەبەرهێنان، ئابووری، ئاوارە و پەنابەران و پێکهاتەکان تاوتوێکراون؛ گوتیشی، بەشێکی گفتوگۆکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئەڵمانیا باسکردن دەبێت لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و مرۆیی.
 
فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە ئەڵمانیا لە جیهاندا وڵاتێکی گرنگ و گەورەیە.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم سەردانە دوای سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دێت بۆ ئەڵمانیا، دوای ئەو کۆمەڵە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی کە ئەنجامدران، چوارچێوەیەک هەیە بۆ هاوکاریی نێوان ئەڵمانیا و عێراق؛ هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت سوودمەند بێت تێیدا".
 
فەلاح مستەفا ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا کرد و گوتی، لە کۆبوونەوەکاندا پرسی سەقامگیری، ژینگە، وەبەرهێنان، ئابووری، ئاوارە و پەنابەران و پرسی پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کرا.
 
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، هەرێمی کوردستان خوازیاری قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ ئەڵمانیا و دەیەوێت کۆمپانیای ئەڵمانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان کار بکەن.
 
فەلاح مستەفا گوتی، هەرێمی کوردستان داوای لە بەرپرسانی ئەڵمانیا کردووە کە لە بوارەکانی مەشق و راهێنانی پیشەیی، دابینکردنی هەلی کار و کەمکردنەوەی بێکاری، کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و چەند بابەتێکی دیکە کە ئەڵمانیا تێیاندا ئەزموونیان هەیە، هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات.
 
پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەشێکی گفتوگۆی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە؛ فەلاح مستەفا دەڵێت، ئەڵمانیا پێی خۆشە پەیوەندییەکانی هەرێمی کورستان و عێراق بەردەوام بەرە پێشەوە بچن.
 
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی گەل، حکومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیای کردووە بۆ ئەو هاوکارییە مرۆییانەی پێشکێشی ئاوارە و پەنابەرانیان کردووە کە لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن؛ هەروەها سوپاسی کردوون بۆ بۆ پشتیوانی سیاسی و سەربازیی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.
 
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە دۆخی شنگال بووە؛ راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پرسی ئاوارەکان باسکرا؛ دۆخی شنگال و ئێزدییەکان باسی لێوەکرا؛ ئێزدییەکان شایستەی هەموو هاوکاری و پشتگیرییەکن. گرنگە رێککەوتنامەی شنگال جێبەجێ بکرێت بۆ رێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ زێدی خۆیان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری بۆ شنگال".
 
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئولاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆببنەوە. لەبارەی نێوەڕۆکی گفتوگۆکانیان فەلاح مستەفا گوتی، "تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە باسکردن دەبێت لە پەیوەندییەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق؛ پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؛ پەیوەندیی دوو قۆڵی و چۆنییەتی بەرەپێشبردنیان، هەروەها پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بە گشتی، وەکو بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و مرۆیی کە جێگەی بایەخی هەردوولان".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.