رووداو دیجیتاڵ
زۆر لە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی ئەمریکا و ئەو دەوڵەمەندانەشی پارە بە پارتەکە دەبەخشن، شپرز و تووشی دڵەڕاوکێ بوون دوای ئەوەی کە زوهران مامدانیی تەمەن 33 ساڵ لە هەڵبژاردنی پاڵاوتنی پارتەکەدا سەرکەوت و بووە بەربژێری سەرەکی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی داهاتووی شارەوانیی نیویۆرک.
سەرکردە دیموکراتە باڵادەستەکان کە ئێستا هەوڵیان ئەوەیە قەرەبووی ئەو شکستە گەورەیە بکەنەوە پارتەکەیان لە ساڵی 2024 لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و کۆنگرێسدا تووشی بوو، ترسیان هەیە مامدانی لەسەر ئاستی نیشتمانی، زیان بە ناوبانگی پارتەکە بگەیێنێت، لە کاتێکدا گەنجە پێشکەوتنخوازەکان پێیانوایە شێوازەکەی بەربژێرە موسڵمانەکە دەکرێت لە دەرەوەی نیویۆرکیش سوودی هەبێت.
سەرکردە دیموکراتەکان تا رادەیەکی زۆر پشتیوانییان لە ئەندرو کۆمۆ، حاکمی پێشووی ویلایەتی نیویۆرک دەکرد لە هەڵبژاردنی سەرەتایی شارەوانیی نیویۆرکدا و سەرکەوتنە چاوەڕواننەکراوەکەی رۆژی سێشەممەی مامدانی، نوێترین نموونەی دابڕانی سەرکردایەتیی پارتەکە بوو لە ژمارەیەکی زۆری دەنگدەرانی خۆی.
رۆژی چوارشەممە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسانی دیکەی سەر بە دیموکراتەکان، یان سەرکۆنەی مامدانییان کرد، یان بەشێوەیەکی بەرچاو خۆیان لە پشتیوانیکردنی بەدوور گرت. کۆمارییەکان بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکیشەوە، بە خۆشحاڵییەوە باسی ئەوەیان دەکرد کە دیموکراتەکان کەسێکی سۆسیالیستیان کردووەتە سەرکردەی خۆیان کە داوای کەمکردنەوەی بودجەی پۆلیسی کردووە و لە شەڕی غەززەدا لایەنگریی فەڵەستینییەکانی کردووە.
دوو سەرکردە باڵاکەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس، سیناتۆر چەک شومەر و حەکیم جێفریز، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە هەردووکیان خەڵکی نیویۆرکن، رەتیانکردەوە پشتیوانیی لە گەنجەکە موسڵمانەکە بکەن، هەرچەندە دەستخۆشیان لە سەرکەوتنەکەی کردووە.
لۆرا گیلێن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و خەڵکی نیویۆرک، کە نوێنەرایەتیی ناوچەی ناساو دەکات، مامدانی بە "بژاردەیەکی تەواو هەڵە بۆ نیویۆرک" ناوبرد.
تۆم سوۆزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە ئەویش نوێنەرایەتیی ناوچەی ناساو دەکات، گوتی "نیگەرانیی جددی" هەیە.
ئەندامانی دیکەی دیموکراتی ئەنجوومەنی نوێنەران لە نیویۆرک کە پشتیوانیی مامدانیان نەکردبوو، رۆژی چوارشەممە زۆربەیان بێدەنگ بوون.
پات رایان، جۆش رایلی و ریچی تۆرێس کە تەنانەت گوتبووی ئەگەر مامدانی بیباتەوە خۆی بۆ پۆستی حاکمی ویلایەتی نیویۆرک بەربژێر ناکات، هەموویان خۆیان لە رۆژنامەڤانان دزییەوە.
کاتێک پرسیار لە دان گۆڵدمان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا ئایا هیچ بۆچوونێکی لەسەر ئەنجامەکە هەیە، بە پێگەی ئەکسیۆسی گوت: " ئێستا نا."
بەخشەرە گەورەکانی دیموکراتەکان کە دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ سەرخستنی کۆمۆ خەرج کردبوو، رۆژی چوارشەممە لە گفتوگۆدا بوون لەسەر ئەوەی ئایا لە هەڵبژاردنی گشتیی مانگی نۆڤەمبەردا پشتیوانی لە خۆبەربژێرکردنی سەربەخۆی کۆمۆ بکەن، یانیش ئێریک ئادەمز سەربخەن، کە سەرۆکی شارەوانیی ئێستای شارەکەیە، جەماوەرێکی کەمی هەیە و ئەویش وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ خۆی بەربژێر کردووە.
کۆمۆ تۆمەتی گێچەڵی سێکسی بەدواوەیە کە ماوەیەکی زۆرە نکۆڵی لێدەکات و رەتی دەکاتەوە.
هەندێک لە دیموکراتەکان مامدانیی گەنج و پڕ وزە، وەک هەناسەیەکی نوێ دەبینن لە پارتێکدا کە پڕە لە سەرکردەی بەتەمەن و دابڕاو لە واقیع. هەروەها وەک دەنگێکی پێشکەوتنخوازی بێ سازش دەیبینن کە گوزارشت لە تووڕەیی ئەو دەنگدەرانە دەکات کە دەستەبژێرەکان درەنگ هەستیان پێکردوون.
ئەنجامی هەڵبژاردنی پاڵاوتنەکە دەریخست کە کارنامەی مامدانی، بەتایبەتی جەختکردنەوەی لەسەر کەمکردنەوەی تێچووی ژیان لە یەکێک لە گرانترین شارەکانی جیهاندا، کاریگەریی لەسەر توێژێکی زۆر فراوانتر لە چالاکڤانانی دیموکرات هەبووە.
مامدانی کە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتی نیویۆرکە و لە رابردوودا قسەی مشتومڕهەڵگری لەسەر ئیسرائیل و پۆلیسی ئەمریکا هەبووە، لە لایەن بەشێک لە دیموکراتەکانەوە وەک کەسایەتییەکی "ژەهراوی" دەبینن، چونکە وەک نەریتێک، پارتەکە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە سەرتاسەرییەکاندا، پشت بەو دەنگانە دەبەستێت کەمتر پێشکەوتنخوازن.
هەندێک لە دیموکراتەکانی نیویۆرک پێیانوایە، خەمساردیی سەرکردە باڵادەستەکان ئەوانی گەیاندووەتە ئەم دۆخە، چونکە پشتیوانییان لە کۆمۆ کردووە کە کێشەی زۆری هەبوو. لیز سمیس، ئەندامی دێرینی دیموکراتەکان کە پێشتر بۆ کۆمۆ کاری کردووە بەڵام ئێستا بووەتە رەخنەگر لێی، گوتی: "ئەم شڵەژانە تەواوەتییەی چینی باڵادەست، بە تەواوی پێشبینیکراو بوو. ئەوان هیچ بەخۆداچوونەوەیەک ناکەن و لەبری ئەوە تەنیا هێرش دەکەنە سەر ئەوانی دیکە."
سمیس گوتی: "ئەمە بەرهەمی کارەکانیانە. ئەگەر ناتەوێت بە سۆسیالیستێک بدۆڕێیت، کەسێکی بەربژێری پڕ لە کەموکوڕی وەک ئەندرو کۆمۆ بەربژێر مەکە."
کەسایەتییە دیارەکانی دیموکرات وەک بیل کلینتن، سەرۆکی پێشوو، بازرگان مایکڵ بلومبێرگ و جیم کلایبێرن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەفتەکانی کۆتایی هەڵمەتەکەدا پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆمۆ راگەیاند. مامدانی پشتیوانیی کەسایەتییە پێشکەوتنخوازە ناڕازییەکانی وەک سیناتۆر بێرنی ساندەرز و ئەلێکساندریا ئۆکاسیۆ کۆرتێز، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا.
مامدانی چەندین جار داوای کەمکردنەوەی بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نیویۆرکی کردبوو.
ئەو لە حوزەیرانی 2020 لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە ئەو کات ناوی تویتەر بوو، نووسیبووی: "پێویستمان بە لێکۆڵینەوە نییە تاوەکو بزانین پۆلیسی نیویۆرک رەگەزپەرستە، دژە هاوڕەگەزخوازە و هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر سەلامەتیی گشتی. ئەوەی پێویستمانە بریتییە لە کەمکردنەوەی بودجەی پۆلیسی نیویۆرک."
مامدانی هەروەها خۆی لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەدزییەوە کە ئایا ئیسرائیل مافی بوونی هەیە وەک دەوڵەتێکی جوو یان نا، پرسێک کە بۆ زۆر لە دەنگدەرە جووەکانی شاری نیویۆرک گرنگە.
ساڵی 2023 مامدانی رەخنەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گرت و گوتی، "ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام تەنیا بە کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و هەڵوەشاندنەوەی سیستمی جیاکاری نەژادی، دەستپێدەکات."
هەروەها گوتی، دۆزی فەلەستینییەکان ئەوی هێناوەتە نێو کاری رێکخراوەیی و ئەنجوومەنی یاسادانانی ویلایەتی نیویۆرک "مۆڵگەی هەڵگرانی هزروبیری زایۆنییە."
مامدانی پێشتر چەندین جار دژایەتیکردنی جووەکانی سەرکۆنە کردووە، بەڵام گیلێن دەڵێت، مامدانی "شێوەیەکی زۆر خراپی لە قسەکردن لە دژی جووەکان هەیە."
زۆر لە سەرکردەکانی پارتی دیموکرات پێیان وابوو لێدوانەکانی رابردووی مامدانی دەبنە هۆی ئەوەی زۆربەی دەنگدەرانی هەڵبژاردنی پاڵاوتن، ئەو رەتبکەنەوە. بەڵام دەرکەوت کە بە رێژەیەکی بەرچاو لە پێش هەموو بەربژێرانی دیکەوەیە.
زۆر لە دەنگدەران، بەتایبەتی گەنجەکان، لە شوێنەکانی وەک شاری نیویۆرک، لە شەڕی ئێستادا زیاتر سۆزیان بۆ فەلەستینییەکان هەیە وەک لە ئیسرائیلییەکان.
زۆربەی ئەندامانی دیموکراتی کۆنگرێس چیدیکە باسی کەمکردنەوەی بودجەی پۆلیس ناکەن، بەڵام زۆریان هێشتا پێیانوایە پێویستە چاکسازیی گەورە لە سیستمی پۆلیسدا بکرێت.
جولیان مۆلڤی، دامەزرێنەری کۆمپانیای فایت ئەیجنسی کە کاری لەسەر رێکلامەکانی مامدانی کردووە، بە پێگەی ئەکسیۆسی گوتووە: "پەیامە زۆر روون و راشکاوەکەی زوهران لەبارەی هەرزانکردنی تێچووی ژیان، شکستی بە هەموو ئەو هێرشانە هێنا کە بە ملیۆنان دۆلار دەکرانە سەری. پێموایە باڵی باڵادەست جارێکی دیکە هەوڵدەدەن بە پارەیەکی زیاتر لێمان ببەنەوە، بەڵام شکستێکی گەورە دەهێنن."
رۆبێرت کارۆڵ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتی نیویۆرک کە نوێنەرایەتیی بەشێکی بڕۆکلین دەکات و هانی دەنگدەرانی دابوو دەنگ بە لاندەر بدەن و مامدانی وەک دووەم هەڵبژاردە ریزبەند بکەن، گوتی: "مامدانی بردییەوە چونکە پرسی سەرەکیی هەڵمەتەکەی دیاریکرد، کە ئەویش هەرزانکردنی تێچووی ژیان و باشکردنی کوالێتیی ژیانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ