دەزگای کۆچی سوێد: لێکۆڵینەوە لە مافی مانەوەی سەلوان مۆمیکادا دەکەین

26-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری میدیایی فەرمانگەی کۆچی سوێدی راگەیاندووە لێکۆڵینەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێدانی پارێزگاری و مۆڵەتی مانەوە بە سەلوان مۆمیکا دەکەن، کە قورئانی پیرۆزی سووتاند و سووکایەتی پێکرد. لەکاتێکدا ئەو کۆچبەرە عێراقییە سێ داواکاریی دیکەی بۆ سووتاندنی قورئان و ئاڵای ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی پێشکێشکردووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-7-2023، جێسپەر تێنگرۆس، بەڕێوەبەری میدیایی فەرمانگەی کۆچی سوێدی بە ماڵپەڕی (nyheter-idag)ـی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی سەلوان مۆمیکا کردووە و هۆکاریشیان بۆ ئەوە هەیە، لەنێویاندا دوو سکاڵا کە لەلایەن پۆلیسی سوێدەوە لە دژی مۆمیکا تۆمارکراون بە تۆمەتی هاندان لە دژی کۆمەڵێک کەس دوای سووتاندنی قورئان و سووکایەتیپێکردنی.
 
بەپێی یاساکانی سوێد؛ مافی مانەوەی کاتی بۆ ماوەی 12 مانگ بەو کەسانە دەدرێت کە هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە، بەڵام سەلوان مۆمیکا لە مانگی نیسانی ساڵی 2021 مافی مانەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە سوێد وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا یاساکانی سوێد رێگە بە مانەوەی ئەو کەسانە نادات، کە لە کردە سەربازی و چەکدارییەکان بەشداری کردبێت و ئەندامی میلیشیاکان بووبێت.
 
بەپێی بەرپرسەکەی کۆچی سوێد، زانیارییان لەبارەی سەلوان مۆمیکا وەرگرتووە، کە گومان لەسەر یاساییبوونی دۆسیەی مانەوەی سەلوان مۆمیکا دروست دەکات، کە باسی ئەوە دەکەن بە زانیاریی "درۆ" و هەڵە مافی مانەوەی لە سوێد وەرگرتووە، ئەوەش پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، ئەگەر ئەوە سەلمێندرا ئەوا بە شێوازی دیکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و دەبێتە بنەمایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی مافی مانەوەکەی لە سوێد.
 
حکومەتی عێراق لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە داوای لە سوێد کردووە سەلوان مۆمیکای رادەست بکاتەوە بۆ ئەوەی بەپێی یاساکانی عێراق دادگایی بکات.
 
سەلوان تەمەنی 37 ساڵە و خۆی بە عێراقییەکی لیبڕاڵ، عەلمانی و بێدین دەناسێنێت، ئەندامی پارتی دیموکراسییەکانی سوێدە، دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل، بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لەگەڵ برا و کەسە نزیکەکانی پەیوەندیی خراپە و لەگەڵ باوکیشیدا ناکۆکە. 
 
سەلوان رۆژی 28ـی حوزەیرانى رابردوو، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
بەپێی ماڵپەڕە سوێدییەکە، مۆمیکا بە دەسەڵاتدارانی سوێدی گوتووە حکومەتی عێراق ئەوی دەستگیرکردووە و ئەشکەنجەی داوە، بۆیە بە ناچاری بەرەو سوێد هەڵاتووە و داوای مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە کردووە، ئەوەش دوای ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی حەشدی شەعبی، بەتایبەت رەیان کلدانی، بەرپرسی بزووتنەوەی بابلیون، کە خاوەنی هێزێکی چەکداریی کریستیانە لەنێو حەشدی شەعبی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە