تره‌مپ: دەبێ ئێران ببێتە بەشێک لە رێککەوتننامەی ئەبراهام

53 خولەک له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە باشی بەرەوپێش دەچن، بەڵام مەرجێکی نوێی بۆ تاران و وڵاتانی ناوچەکە داناوە، ئەویش چوونیانە بۆ ناو (رێککەوتننامەی ئەبراهام). دەشڵێت، یان رێککەوتنێکی مەزن دەکرێت یان دەگەڕێنەوە بۆ بەرەکانی جەنگ.
 
رۆژی دووشەممە، 25ی ئایاری 2026، دۆناڵد تره‌مپ لە پۆستێکی نوێدا لە تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ناوچەکە ئەنجامداوە، لەوانە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، ئەمیر تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، شا عەبدوڵـڵا، شای ئوردن و حەمەد بن عیسا، شای بەحرەین و لەگەڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان. 
 
تره‌مپ گوتی، "دوای هەموو ئەو کارانەی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە ئاڵۆزە (ئێران) کردوویەتی، پێویستە هەمو ئەم وڵاتانە، وەک مەرجێکی ناچاری، بە شێوەیەکی هاوکات واژۆ لەسەر رێککەوتننامەی ئەبراهام بکەن." سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە دەبێت بە واژۆکردنی دەستبەجێی سعودیە و قەتەر دەستپێبکات و وڵاتانی دیکەش هەمان هەنگاو بنێن.
 
سەبارەت بە چارەنوسی تاران، ترەمپ گوتی، "ئەگەر ئێران رێککەوتنەکە لەگەڵ من وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا واژۆ بکات، جێگەی شانازییە کە ئەوانیش ببنە بەشێک لەم هاوپەیمانییە جیهانییە بێوێنەیە. بەمەش رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتە ناوچەیەکی یەکگرتوو و لە رووی ئابوورییەوە هێندە بەهێز دەبێت کە هیچ شوێنێکی جیهان وەک ئەو نەبێت."
 
لە 8ی نیسانەوە ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئێران راگەیێندراوە بۆ ئەوەی دەرفەت بە دانوستاندن بدرێت، بەڵام هێشتا ئەمریکا گەمارۆی لەسەر بەندەرەکانی ئێران لانەبردووە و تارانیش هاتووچۆی کەشتییەکانی لە کەنداو پەک خستووە.
 
سەرۆکی ئەمریکا وڵاتانی ناوچەکەی ئاگادار کردەوە کە یان دەبێت "رێککەوتنێکی مەزن" بۆ هەموان واژۆ بکرێت، یان هیچ رێککەوتنێک لە ئارادا نابێت و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ بەرەکانی جەنگ بە هێزێکی گەورەتر لە جاران.
 
تره‌مپ گوتی: "رێککەوتننامەی ئەبراهام بۆ ئەو وڵاتانەی تێیدان (ئیمارات، بەحرەین، مەغریب، سودان و کازاخستان) بوەتە هۆی گەشەیەکی خەیاڵیی ئابوری و دارایی، تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، تره‌مپ رایگەیاند، فەرمانی بە نوێنەرەکانی داوە دەستبەجێ پرۆسەی هێنانی ئەم وڵاتانە (سعودیە، قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر و ئوردن) بۆ ناو رێککەوتننامەی ئیبراهیم دەستپێبکەن و بە سەرکەوتوویی تەواوی بکەن. 
 
رێککەوتنی ئەبراهام کۆمەڵێک رێککەوتنی دیپلۆماسییە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی. لە 15ی ئەیلولی 2020، بە نێوەندگیریی دۆناڵد تره‌مپ لە کۆشکی سپی، ئیمارات و بەحرێن یەکەم وڵات بوون واژۆیان کرد، دواتریش مەغریب و سوودان چوونە ناو رێککەوتنەکە.
 
ناوی رێککەوتنەکە بۆ (پەیامهێن ئیبراهیم) دەگەڕێتەوە وەک هێمایەک بۆ رەگ و ریشەی هاوبەشی ئایینەکان. ئامانجی ئەم هەنگاوە کەمکردنەوەی گوشارە سیاسییەکان و دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێی ئابووری و ئەمنی بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە