رووداو دیجیتاڵ
شاری ئیگبۆ ئۆرا لە نایجیریا چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی هەیە. لەم شارە هەموو خێزانێک جمک یاخود دووانەیان هەیە.
لە شارەکە فێستیڤاڵێکی تایبەت بە دووانەکان سازکراوە؛ مۆروفا، بەشداربوویەکی فێستیڤاڵەکەیە و دەڵێت، "ناوم مۆروفایە و خوشکەکەم شەریفات ئیبراهیمە. ئێمە دووانەین، دایک و باوکیشمان دووانەن [هەریەکە لەگەڵ خوشک و براکانی]. هەموو ماڵێک لەم ناوچەیە دووانەیان هەیە. دووانەش بەرەکەتی خوایە."
نایجیریا خاوەنی زۆرترین دووانەیە لە جیهاندا، لە کۆی 221 ملیۆن کەس، 25.7 ملیۆنی دووانەن. هەموو ساڵێک بەم بۆنەوە ئاهەنگێکی تایبەت لە ئیگبۆ ئۆرا بۆ دووانەکان سازدەکرێت.
ئۆلادۆکون ئیسابانا ئۆلو، بەشداربوویەکی ئاهەنگەکەیە و دەڵێت، "ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی دووانەکانی سەرتاسەری جیهان. ئەمە رۆژی جیهانی جمکەکانە. نەک تەنیا لێرە، بەڵام ئێرە بە پایتەختی دووانەکانی هەموو جیهان دادەندرێت."
بیروبۆچوونی جیاواز دەربارەی هۆکاری زۆری ئەو هەموو جمکە لە نایجێریا هەن.
هەرچەندە بە بەڵگەی زانستی نەسەلمێندراوە، بەڵام هەندێک را هەن هۆکارەکەی بۆ جۆری خواردنی ژنان دەگەڕێندرێتەوە. خەڵکی ئیگبۆ ئۆرا بۆ جۆرە حەڵوایەکی دەگەڕێننەوە کە لە ئارد دروستدەکرێت و پێیدەڵێن ئامالا، شارەزایەکی جینی مرۆڤیش بەناوی جۆن ئۆفیم دەڵێت، "ئەو خواردنانە کە ژنان لێرە دەیخۆن، ئەو هۆڕمۆنە زیاددەکەن کە هۆکاری دابەشبوونی هێلکەن لەنێو هێلکەدانی ئافرەت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ