بۆکۆ حەرام هێرشی کردە سەر کریستیانەکانی نایجیریا

26-12-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە حکومییەکانی نایجیریا ئاماژە بەوە دەکەن، چەکدارەکانی رێکخراوی "بۆکۆ حەرامی تووندڕەو"، لانیکەم 11 کەسیان کوشتووە و کەنیسەیەکیان سووتاندووە، کاتێک هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
 
سەرچاوەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو، هێرشەکەی بۆکۆحەرام بۆ سەر دانیشتووانی گوندێکی مەسیحی نشین بووە، چەکدارەکان پاش هێرشەکە قەشەیەکیان رفاندووە.
 
هێرشەکە کاتێک روویداوە کە دانیشتووانی گوندەکە شەوی پێنجشەممە خۆیان بۆ ئاهەنگی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح ئامادە دەکرد. هێرشکارەکان بەسەر مۆتۆڕەکانیان و بارهەڵگری بچووکەوە هێرشیان کردووەتە سەر دانیشتووانی گوندی 'بیمی'، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی مەسیحین و دەکەوێتە ویلایەتی پورنو.
 
ئابواکو کابو، ئەندامی یەکێک لەو میلیشیایانەی لەپاڵ سوپای وڵاتەکەدا هەوڵی پاراستنی ناوچە مەترسی لەسەرەکان دەدات، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، چەکدارەکان هەڕەمەکییانە تەقەیان بەناو خەڵکدا کردووە و دواتر ئاگریان لە ماڵەکانی گوندەکە بەرداوە.
 
زۆرینەی ناوچە و گوندە دوورە دەستەکانی نایجیریا، پەنایان بۆ پاراستنی خۆبەخۆیی بردووە لە رێگەی چەکدارکردنی ئەندامەکانیانەوە، ئەمەش بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکانیان لە هێرشی میلیشیاکان، بەتایبەت بۆکۆ حەرام کە لە ناوچەکەدا باڵادەستە.
 
کابو ئاشکرایکردووە، "تیرۆریستەکان 7 کەسیان کوشت و 10 خانوویان سووتاند، دواتر بڕێکی بەرچاوی خۆراکی ئامادەکراو بۆ دابەشکردن بەسەر دانیشتووانی گوندەکە، بەبۆنەی جەژنی لە دایکبوونی مەسیحەوە، بەتاڵانبرا". ئەوەشی خستەڕوو خۆبەخشەکانی لێکۆڵینەوە و بەدواداگەڕان لە ناوچەکەدا، دواتر تەرمی 4 کەسی دیکەیان لە دارستانەکانی ناوچەکەدا دۆزییەوە. بەوەش وەک ئەو دەڵێ، "هێرشەکە 11 کوژراوی لێکەوتووەتەوە".
 
پۆلیسی ناوچەکە گوتوویەتی، هێشتا چارەنووسی ژمارەیەک کەس دیار نییە کە لە کاتی هێرشەکەدا بەرەو دارستانەکانی ناوچەکە هەڵهاتوون.
 
ئەندامەکەی میلیشیا ناوخۆییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێرشکارەکان لە دارستانەکانی سامبیسای نزیک لە گوندەکەوە هاتوون، بەر لە پەلاماردانی دانیشتووانی گوندەکە، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی تەندروستی و دەرمانەکانیان تاڵانکردووە و پاشان ئاگریان تێبەرداوە، دواتریش کەنیسەیەکیان سووتاندووە و قەشەی کەنیسەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.
 
گوندی بیمی تەنیا 20 کیلۆمەتر لە شیبوکەوە دوورە، ئەو ناوچەیەی بەر لە شەش ساڵ رفاندنی 200 قوتابی لەلایەن بۆکۆ حەرامەوە بەخۆوە بینی.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، هێرشە چەکدارییەکانی نایجیریا و پشێوییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کە ماوەی 10 ساڵە بەردەوامە، تا ئێستا زیاتر لە 36 هەزار کوژراو و ئاوارەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن کەسی لێکەوتووەتەوە.
 
لەماوەی رابردوودا تووندوتیژییەکانی نایجیریا بۆ دەوڵەتانی دراوسێی وەک نەیجەر، چاد و کامیرۆنیش پەڕیونەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە