لە ناوەندێکی فێرکردنی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا رۆژی ئاڵا پیرۆزکرا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
منداڵانی قوتابخانەی نیشتمان لە ئەڵمانیا، رۆژی ئاڵای کوردستان پیرۆز دەکەن.
منداڵانی قوتابخانەی نیشتمان لە ئەڵمانیا، رۆژی ئاڵای کوردستان پیرۆز دەکەن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە شاری کیل لە ئەڵمانیا، لە کاتێکدا تەم و مژی زستان ئاسمانی داپۆشیوە، لە ناوەندێکی فێرکردن بەناوی قوتابخانەی "نیشتمان"، گەرموگوڕییەکی جیاواز هەستی پێ دەکرێت. لێرە، دووری لە نیشتمان نەبووەتە بەربەست، بەڵکو بووەتە هاندەر بۆ ئەوەی ئاڵای کوردستان بە شانازییەوە بشەکێندرێتەوە.
 
چیرۆکی قوتابخانەی نیشتمان لە ساڵی 2023وە دەستیپێکرد؛ کاتێک تەنیا بە 10 قوتابی وەک سەکۆیەکی بچووک بۆ پاراستنی زمان دامەزرا. بەڵام ئەمڕۆ، دوای تەنیا دوو ساڵ، بوونەتە 60 فێرخواز کە لە سێ قۆناخی جیاوازدا، وانەی خۆشەویستیی زمان و خاک دەخوێنن. ئەم گەشە خێرایە مژدەیەکی گەورەیە بۆ رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا، کە ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن کەس؛ ئەمە دەری دەخات کە خێزانەکان نایانەوێت نەوەکانیان لە رەگ و ریشەی خۆیان داببڕێن.
 
لە یادی رۆژی ئاڵادا، قوتابخانەکە بووە تابلۆیەکی زیندووی کوردستان. منداڵان بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگی کوردییەوە، بە شێوەزارەکانی سۆرانی و کرمانجی پەیامی وەفایان بۆ خاکەکەیان دووپات کردەوە. شیعرەکان کە بە دەنگی منداڵانە دەخوێندرانەوە، هۆڵەکەیان لێوانلێو کردبوو لە هەستی نیشتمانپەروەری.
 
ئەوەی ئەم یادەی جیاواز کرد، تێکەڵکردنی زانست بوو لەگەڵ فۆلکلۆر. یاریی "کڵاوێن" کە میراتی باووباپیرانە، لەنێو جەرگەی ئەوروپادا ئەنجام درا، پاشان فێرخوازان و میوانەکان بە هەڵپەڕکێیەکی بەکۆمەڵ، بۆنەکەیان گەرمتر کرد.
 
ئەم چالاکییە سەلماندی کە قوتابخانەی نیشتمان تەنیا شوێنێکی خوێندن نییە، بەڵکو قەڵایەکە بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی لە تاراوگەدا. لێرە، ئاڵا تەنیا هێما نییە، بەڵکو ئەو زمانەیە کە منداڵانی کورد لە دیاسپۆرا پێی دەدوێن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە