چین سزای بەسەر 20 کۆمپانیای ئەمریکیدا سەپاند

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی چین سزای بەسەر 20 کۆمپانیای پیشەسازیی سەربازی و 10 کەسایەتیی ئەمریکادا سەپاند. ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێکی تووند دێت بۆ هەنگاوەکەی ئیدارەی ترەمپ تایبەت بە فرۆشتنی چەک بە بەهای 11 ملیار دۆلار بە تایوان.
 
رۆژی هەینی، 26-12-2025، وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەم بڕیارە بەپێی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی سزا بیانییەکان" دراوە و لە رۆژی دەرچوونییەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
پەکین واشنتن تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بنەمای "یەک چین"ـی پێشێل کردووە و "بە شێوەیەکی مەترسیدار دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی چین دەکات."
 
بەگوێرەی حکومەتی چین، "چین یەک وڵاتە و تایوان بەشێکە لێی، ئەمەش بنەمای یەک چینە."
 
کۆمپانیا گەمارۆدراوەکان و سرووشتی سزاکان
بەپێی بڕیارەکە، چین سەرجەم سەروەت و سامانە گوازراوە و نەگوازراوەکانی 20 کۆمپانیای ئەمریکی لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا سڕدەکات، لە گرنگترین ئەو کۆمپانیایانەش:
 
لقی سانت لویسی کۆمپانیای Boeing
 
کۆمپانیای Northrop Grumman Systems
 
کۆمپانیای L3Harris Marine Services
 
کۆمپانیای Lazarus Artificial Intelligence
 
کۆمپانیای Red Cat Holdings
 
هەروەها بڕیارەکە قەدەخەی کردووە هیچ کەس و دامەزراوەیەکی ناوخۆیی چین مامەڵەی بازرگانی یان هاوکاری لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانەدا بکات.
 
وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێ، کێشەی تایوان "کڕۆکی بەرژەوەندییەکانی چین و یەکەم هێڵی سوورە کە نابێت لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکادا ببەزێندرێت." 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەر کەسێک هەوڵی بەزاندنی ئەم هێڵە بدات، رووبەڕووی وەڵامی تووندی چین دەبێتەوە. نابێت هیچ وڵاتێک توانا و ویستی گەل و حکومەتی چین بۆ پاراستنی سەروەریی خاکەکەی بە کەم سەیر بکات."
 
سزادانی 10 کەسایەتی و قەدەخەی گەشت
 
جگە لە کۆمپانیاکان، چین 10 بەرپرسی باڵای ئەو کۆمپانیایانەی خستە لیستی سزاکانەوە، لەوانەش دامەزرێنەری کۆمپانیای (Anduril Industries). ئەم کەسانە نەک تەنیا داراییەکانیان لە چین سڕدەکرێ، بەڵکو مافی وەرگرتنی ڤیزەیان لێ دەسەنرێتەوە و مافیان نییە سەردانی چین بکەن.
 
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا گەورەترین گرێبەستی فرۆشتنی چەکی بە تایوان راگەیاند، کە خۆی لە مووشەکی هیمارس، سیستمی (ATACMS)، تۆپهاوێژی پێشکەوتوو و درۆنی سەربازی دەبینێتەوە. 
 
تایوان پێشوازی لەو هەنگاوە کردووە و بۆ پاراستنی "سەربەخۆیی" و بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر هەر هێرشێکی چین، بە گرنگی دەزانێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە