بەحرولعلوم بۆ رووداو: هیچ پلانێکمان بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە

27-01-2024
 محەممەد حوسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان.
محەممەد حوسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان دەڵێت، هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە دەستدرێژی بکاتە سەر سەروەریی عێراق و رەتی دەکاتەوە هیچ پلان و بەرنامەیەکیان بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت. 
 
رۆژی شەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2024، محەممەد حوسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی راوێژکاریی سیاسی لەنێوان وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی چین سەردانی پەکینی کردووە، بە مەهدی فەرەج، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لەو وڵاتە راگەیاند، "نابێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.. و هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە دەستدرێژی بکاتە سەر سەروەریی عێراق." 
 
بەحرولعلوم لەبارەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان گوتی، "لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر پەیامێکمان داوەتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.. و نیگەرانیمان دەربڕی و باڵیۆزی ئێرانمان بانگکرد و باڵیۆزیشمان لە تاران بۆ ئەو بابەتە بانگکردەوە"
 
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان باسی لەوەش کرد کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق "هیچ پلان و بەرنامەیەکیان بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و "ئەمە بڕیارێکە پەیوەندیی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە." 
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان: 
 
رووداو: مەبەستتان لە سەردانەکەتان بۆ چین چییە؟
 
بەحرولعلوم: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، لەراستیدا ئێمە دڵخۆشین بەوەی بەسەردانێکی فەرمی بۆ کۆماری میللیی چین هاتووین، کە بریتییە لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی راوێژکاریی سیاسی لەنێوان وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەم کۆبوونەوانە خولین و ساڵانە دەکرێت، ساڵێک لە عێراق و ساڵێک لە چین دەکرێن، تێیدا باسی زۆرینەی بابەتە سیاسییەکانی نێوانی هەردوو وڵات دەکەین، بابەتەکانی نێوخۆی و هەرێمی و نێودەوڵتییان تێدا باسدەکەین، بیرۆکە و تێڕوانینەکانی تێدا ئاڵوگۆڕ دەکەین، باسی بابەتە گەرمەکان دەکەین، لەراستیدا باسی ئەوانەمان کرد، سەردانێکی زۆر گرنگ بوو کە لە چوار رۆژ پێکدێت، تێیدا لە وەزارەتی دەرەوە وفەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی شیوعی دیدارمان هەبوو، هەروەها لە لیژنەی گەشەپێدان و چاکسازی بووین کە زۆر گرنگە و گرنگی بە پڕۆژەکانی ستراتیژی و وەبەرهێنان دەدات، هەروەکا لەپەیمانگەی دیبلۆماسیی چینیش بووین کە بایەخ بە بابەتەکانی گەشەپێدانی توانای دیبلۆماتکارەکان دەدات و ئێمەش رێککەوتنمان لەنێوان هەردوو وڵات و هەردوو وەزارەت هەیە و باسمان لە کاراکردنیان کرد و وەبەرهێنانیان لەپێناو پەرەپێدانی توانەی دیبلۆماتکارەکانی عێراق."
 
رووداو: چارەنووسی سکاڵاکەی عێراق لە دژی هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر چی لێهات؟
 
محەممەد حوسێن بەحرولعلوم: لەراستیدا ئێمە پەیامێکمان دایە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دۆخەکەمان باسکرد و جەختمان لە سەرەوەی و یەکێتیی خاکی عێراق کردەوە، لەگەڵ ئەوەی هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە دەستدرێژی بکاتە سەر سەروەرەیی عێراق، دەستووری ئێمە دەڵێت نابێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئەوانی دیکە بەکاربهێندرێت و بۆ کەسیش نییە دەستدرێژیی بکاتە سەر و یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەرەوەریی عێراق پێشێلبکات، ئەگەر شتێک هەبێت پەیوەست بێت بەو بابەتە ئەمنییەوە، ئەوا دیالۆگ و دیالۆگی دیپلۆماسی و لێکتێگەیشتن باشترین بژاردەیە بۆ ئەو کارە، ئێمە نیگەرانیمان دەربڕی و باڵیۆزی ئێرانمان بانگکرد و باڵیۆزیشمان لە تاران بۆ ئەو بابەتە بانگکردەوە."
 
رووداو: ئایا هیچ بڕیارێک بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە هەیە؟ 
 
محەممەد حوسێن بەحرولعلوم: ئەمە بڕیارێکە پەیوەندیی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
 
رووداو: هەواڵێک هەیە گوایە وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیازی شتێکی وای هەیە؟
 
محەممەد حوسێن بەحرولعلوم: نەخێر، ئەم شتەمان نییە، بەهیچ شێوەیەک هیچ شتێک لەمبارەیەوە نییە، ئەمە بڕیارەکە تایبەتە بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
 
رووداو: واتە وەکو وەزارەتی دەرەوە هیچ شتێکی واتان لەلا نییە؟
 
محەممەد حوسێن بەحرولعلوم: نەخێر، هیچ شتێکمان لەو بوارەدا نییە. 
 
رووداو: پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئابووریی نێوان عێراق و چین چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
محەممەد حوسێن بەحرولعلوم: پەیوەندیی زۆر گرنگە، چین هاوبەشێکی بازرگانیی گرنگی عێراقە، عێراقیش دووەم یان سێیەم هەناردەکاری نەوتە بۆ چین، پڕۆژەکانی ستراتیژیی ئابووریی گەشەپێدانی لەنێوان چین و عێراق پێشکەوتووە، لەم سەردانەشماندا زۆر دۆسیەمان باسکرد کە پەیوەندییان بە دەستپێشخەریی پشتێنەی رێگا و رێگەی گەشەپێدان و پڕۆژەکانی وزەی کارەبا و وزەی سەوز و پڕۆژەکانی نەوتەوە هەیە کە چین لە عێراق دەیانکات، تۆمارێکی فراوانی ئابووری لەنێوان چین و عێراق هەیە و ئێمە پشت بە ئەزموونەکانی چین لەم بوارانەدا دەبەستین و ئومێد دەکەین زیاتر و زیاتر فراوان بێت، تۆماری بازرگانی و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و چێن بۆ ساڵی 2022 و 2023 بۆ هەر ساڵێک نزیکەی 52 ملیار دۆلار بووە.
 
رووداو: ئایا هیچ پرۆژەیەکی نوێی ستراتیژی لەنێوان هەردوو وڵات هەیە بتانەوێت لەرێگەی رووداوەوە بەگەلی عێراقی رایبگەیێنن؟ شتێکی نوێ بێت بەمنزیکانە بکرێت؟
 
محەممەد حوسێن بەحرولعلوم: شتی نوێ رێگەی گەشەپێدانە، هانی چین دەدەین بۆ ئەوەی هاوبەشێکی سەرەکی بێت لە بونیادنانی رێگەی گەشەپێدان و  ئەوە لەو پڕۆژە ستراتیژییانەیە کە حکومەتی عێراق پشتی پێدەبەستێت، چونکە لەراستیدا ئەو پڕۆژەیە دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بونیادنانی ژێرخانی داهاتوو بۆ عێراق.
 
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە