ئەحمەد شەرع و ڤلادیمیر پووتین لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە

27-01-2026
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا دەڵێ، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، رۆژی چوارشەممە لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە. ئەمە دووەم سەردانی شەرعە بۆ رووسیا لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە. 
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، مۆسکۆ هەوڵدەدات رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا مسۆگەر بکات بۆ هێشتنەوەی دوو بنکە سەربازییە ستراتیژییەکەی لە سووریا کە بریتین لە بنکەی دەریایی تەرتووس و بنکەی ئاسمانیی حمێمیم. لە بەرامبەردا ئەحمەد شەرع ویستی ئەوەی هەیە حکومەتی رووسیا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا رادەست بکات کە زیاتر لە ساڵێکە لەو وڵاتەیە.
 
کریملین رۆژی سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پلان هەیە گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئێستای پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئاسۆی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاوازەکان بکرێ، هەروەها تاوتوێی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێ."
 
رووسیا هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەسەد بوو لە شەڕی نێوخۆی 14 ساڵەی خوێناویی سووریادا و لە ساڵی 2015ـەوە لە بەرژەوەندی ئەسەد، بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەستوەردانی سەربازی کرد و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتە ئەنجامدا. 
 
سەردانی شەرع بۆ مۆسکۆ لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ رووسیا دەستی بە کشانەوەی هێز و کەرەستە سەربازییەکانی لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ کرد. هەر ئەمڕۆ ئاڵای رووسیا و ئەو فڕۆکانەی پێشتر لە بنکەکە دەبینران، نەمان.
 
بەرپرسێکی سەربازیی سوپای عەرەبی سووریا لە پارێزگای حەسەکە بە فرانس پرێسی راگەیاند: "هێزەکانی رووسیا کەرەستەی قورس و چەک لە رێگەی فڕۆکەوە لە فڕۆکەخانەی قامشلۆوە بۆ بنکەی حمێمیم دەگوازنەوە". 
 
هێزەکانی رووسیا لە تشرینی دووەمی 2019ەوە لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ بوون. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: ئەرشیڤ

دیموکراتەکان ترەمپ بە هاوکاریی رووسیا تۆمەتبار دەکەن؛ "پووتین رۆژانە 150 ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت"

دیموکراتەکانی ناو ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێگەی سووککردنی سزاکانی سەر نەوتی رووسیا، خەریکە گەنجینەی جەنگی مۆسکۆ پڕ دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە، سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبەڕووی هەڕەشەی تووند دەبنەوە