رووداو دیجیتاڵ
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداودا سەبارەت بە پاراستنی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "هەمیشە دەتوانین کاری زیاتر بکەین".
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پرسیاری ئاراستەی ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەبارەت بەوەی ئایا "جیهان هەنگاوی پێویستی بۆ پاراستنی کورد ناوە؟"، بەتایبەت کە کورد رووبەڕووی چەندین جینۆساید (وەک ئەنفال و کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی) بووەتەوە.
لە وەڵامدا ستێفان دووژاریک رایگەیاند: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمیشە دەتوانێ کاری زیاتر بکات بۆ پاراستنی بێدەرەتانترین کەسەکان."
دووژاریک گوتیشی: "هەمیشە دەتوانین کاری زیاتر بکەین، بەڵام دەتوانم لە روانگەی سکرتێری گشتییەوە بڵێم کە ئێمە ئەوەندەی لە تواناماندا بێت دەیکەین. وەک لە سووریا دەیبینین، هەوڵ دەدەین بگەینە هەموو ئەو کەسانەی پێویستیان بە یارمەتییە، یان بە پەلە پێویستیان بە هاوکارییە."
کاروانی هاوکاری گەیشتە قامشلۆ
سەبارەت بە دۆخی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان، گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، ئەمڕۆ کاروانێکی مرۆیی دامەزراوە جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیمەشقەوە گەیشتووەتە شاری قامشلۆ لە پارێزگای حەسەکە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کاروانەکە خۆراک، جلوبەرگ، بەتانی و پێداویستی دیکەی گەیاندووە.
170 هەزار ئاوارە و دۆخی کۆبانێ
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 6ی کانوونی دووەمەوە زیاتر لە 170 هەزار کەس لە پارێزگاکانی حەلەب، حەسەکە و رەققە ئاوارە بوون. لە حەسەکە تیمە تەندروستییەکان دەستیان بە پشکنینی 1500 منداڵ و سەدان ژنی دووگیان کردووە.
سەبارەت بە دۆخی شاری کۆبانێ، ستێفان دووژاریک لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا پشتڕاستی کردەوە هێشتا خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان نەگەڕاونەتەوە و گوتی: "هاوکارە مرۆییەکانمان لە سووریا پێمان دەڵێن بەپێی گوتەی هاوبەشەکانیان لە مەیدانەکەدا، کارەبا و ئینتەرنێت لە کۆبانێ هێشتا نەگەڕاونەتەوە."
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی دووژاریک:
رووداو: سکرتێری گشتی لە گوتارەکەیدا بۆ کۆمەڵەی گشتی رایگەیاند، پاراستنی خەڵکی بێدەرەتان ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. پرسیارەکەی من ئەمەیە: ئایا ئەو پێیوایە جیهان هەنگاوی پێویستی بۆ پاراستنی کورد ناوە؟ کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتە کە لانیکەم ڕووبەڕووی دوو جینۆساید بووەتەوە لە دوای هۆڵۆکۆستەوە: شاڵاوەکانی ئەنفالی سەدام حوسێن لە 1980ەکان و کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە نزیکەی 10 ساڵ پێش ئێستا؟
ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمیشە دەتوانێ کاری زیاتر بکات بۆ پاراستنی بێدەرەتانترین کەسەکان. ئێمە هەمیشە دەتوانین کاری زیاتر بکەین، بەڵام دەتوانم لە روانگەی ئەوەوە و لە روانگەی سکرتێری گشتییەوە بڵێم کە ئێمە ئەوەندەی لە تواناماندا بێت ئەنجامی دەدەین. وەک لە سووریا دەیبینین، هەوڵ دەدەین بگەینە هەموو ئەو کەسانەی پێویستیان بە یارمەتییە، یان بە پەلە پێویستیان بە هاوکارییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ