رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی پەرلەمانیی سویسرا کە لە ئەندامانی پارتە جیاوازەکان پێکهاتووە، داوا دەکات سویسرا هەوڵی زیاتر بدات بۆ پاڵپشتیکردنی پێکهاتەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
لیژنەکە لە نوێنەرانی پارتی ناوەند، سۆسیال دیموکرات (SP)، سەوزەکان، دیموکراتی ئازاد (FDP) و یەکێتیی دیموکراتی فیدراڵی (EDU) پێکهاتووە.
یارین کرمزیتاش، نوێنەری کوردان لە سویسرا لەبارەی دۆخی ئێستای ناوچەکەوە رایگەیاند. "ئێستا شتی ترسناک لە باکووری سووریا روودەدەن." کرمزیتاش ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی راگوزەری سووریا و هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی سیستماتیک تووندوتیژی دژی ژنان وەک چەکێکی جەنگ بەکاردەهێنن."
بەگوێرەی قسەی نوێنەرەکەی کوردان، هێزەکان تاوانەکانی "تووندوتیژی سێکسی، دەستدرێژی، رفاندن و کۆیلەکردنی ژنان و کوشتنی ژنان دەکەن، هەروەها تەرمی شەڕڤانانی ژنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دەشێوێنن."
داوای ئاگربەستی دەستبەجێ
جان میرزال، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە شاری بێرن داوای لە سویسرا کرد هەنگاو بنێت و گوتی، "داوا لە ئەنجوومەنی فیدراڵی و پەرلەمانی سویسرا دەکەین، هەموو هێزی دیپلۆماسی خۆتان بەکاربهێنن بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و کۆتاییهێنان بە هەموو هێرشەکان بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا."
پەرلەمانتاران: سویسرا دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت
پەرلەمانتارانی لیژنە هاوبەشەکە پێیانوایە سویسرا بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان وەک پێویست کار ناکات.
ستیفان مولەر ئەلتەرمات، پەرلەمانتاری پارتی ناوەند رایگەیاند، "رۆژئاڤا پێویستی بە پشتیوانی سیاسییە. پێویستە هەڵمەتێکی دیپلۆماسی بۆ تەواوی ناوچەکە بکرێت. سویسرا دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت ئەگەر بیەوێت."
فابیان مۆلینا، پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکرات (SP) جەخت دەکاتەوە کە سویسرا بەرژەوەندی ئەمنی هەیە لەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەکەوێت.
مۆلینا گوتی، "هێزە کوردییەکان بەشدارییەکی گەورەیان لە شەڕی دژی داعشدا کرد و هەزاران کەسیان لەو پێناوەدا گیانیان بەخشی".
بەڵتاسار گلێتلی، پەرلەمانتاری پارتی سەوزەکان گوتی، "لە رابردوودا، لە عێراق و باکووری سووریا چەندین جار ناپاکی لە کورد کراوە. ئەمڕۆ دەرفەتمان هەیە لاپەڕەیەکی نوێ بۆ ئەم مێژووە زیاد بکەین."
پەرلەمانتاران هۆشداری دەدەن لەوەی هەزاران چەکداری داعش و خێزانەکانیان لە کەمپەکان. ئەگەر ئازاد بکرێن، رەنگە بەبێ پشکنین بگەڕێنەوە ئەورووپا و سویسرا. ئەوان داوا دەکەن سویسرا رێڕۆی دیپلۆماسی بەکاربهێنێت و هاوکارییە مرۆییەکان زیاد بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ