ترەمپ لەبارەی دانوستاندنیان لەگەڵ ئێران: رازی و دڵخۆش نیم

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین هەڵوێستی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تاران گوتی، لە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان رازی نییە و دڵخۆش نییە.

رۆژی هەینی 27-02-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی جێهێشتنی کۆشکی سپی بۆ تێکساس، قسەی بۆ چەند رۆژنامەڤانێک کرد، کە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتنیش ئامادەی بوو.

رۆژنامەڤانەکە لە ترەمپی پرسی، "گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران چۆن دەچنە پێشەوە؟ ئایا لە بەرەوپێشچوونەکان رازیت؟" ترەمپ لە وەڵامدا گوتی، "نەخێر، رازی نیم. دڵخۆش نیم بەوەی نایانەوێ ئەوەمان پێبدەن کە دەبێت هەمانبێت. بۆیە بەوە دڵخۆش نیم. با بزانین چی روودەدات. دواتر قسە دەکەین."

هەروەها لە سەرۆکی ئەمریکایان پرسی، "پێویستە چیتان دەستبکەوێت؟" ترەمپ گوتی، "ئەمڕۆ گفتوگۆی دیکەمان دەبێت. نەخێر، لەو شێوازە رازی نیم."

رۆژی پێنجشەممە 26-02-2026 سێیەم گەڕی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە جنێڤ بەڕێوەچوو. دوای تەواوبوونی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆ باشترین بووە لەنێوان هەموو ئەوانەی پێشوو و لە هەموو کاتێک زیاتر جیدیین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی."

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، داواکارییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی زۆر روون پێشکێشی لایەنی ئەمریکی کردووە، بەتایبەتی لە دۆسیەی ئەتۆمی و پڕۆسەی لادانی سزاکان کە تێیدا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی دووشەممەی داهاتوو 02-03-2026 لە شاری ڤییەنای نەمسا، دانوستاندنی تەکنیکی لەگەڵ شارەزایانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکرێ بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییە پسپۆڕییەکان.

بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کە وەک نێوەندگیر لەنێوان هەردوو شاندەکەدا کار دەکات، پەیامێکی گەشبینانەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوان رۆژەکەیان بە "پێشکەوتنێکی زۆر گرنگ" لە دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن کۆتایی پێهێناوە.

لە لایەنی ئەمریکا، جەی دی ڤانس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (واشنتن پۆست) ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا هێشتا لە پرسی دەستوەردانی سەربازی بەرامبەر ئێران "دوودڵە؛" گوتیشی، نازانێت دۆناڵد ترەمپ چ بڕیارێک دەدات، چونکە بژاردەکان دەکرێ هێرشی سەربازی بۆ "دڵنیابوونەوە لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات" و چارەسەری "دیپلۆماسی"ش بگرێتەوە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ترەمپ بڕیاری هێرشیش بدات، ئەوا نابێتە ئەو جۆرە جەنگە درێژخایەنەی کە هەمیشە رەخنەی لێگرتووە.

سوپای ئەمریکا هێزێکی گەورەی ناردووەتە ناوچەکە.

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد، گەورەترین کەشتیی جەنگیی جیهان، بنکەی دەریایی (کریت)ـی لە یۆنان جێهێشتووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە کەشتیی ئەبراهام لینکنەوە بکات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

واشنتن ئێستا زیاتر لە 12 کەشتیی جەنگی، 9 تێکشکێنەر و سەدان فڕۆکەی پێشکەوتووی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە.

دۆناڵد ترەمپ لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لە کۆنگرێس، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە خەریکی پەرەپێدانی مووشەکی کیشوەر بڕە.

دەقی پرسیاری رۆژنامەڤانان و وەڵامەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئێران:

رۆژنامەڤان: بەڕێز سەرۆک، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران چۆن دەچنە پێشەوە؟ گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران چۆن دەچنە پێشەوە؟ ئایا لە بەرەوپێشچوونەکان رازیت؟

دۆناڵد ترەمپ: نەخێر، رازی نیم. من دڵخۆش نیم بەوەی کە نایانەوێت ئەوەمان پێبدەن کە دەبێت هەمانبێت. بۆیە بەوە دڵخۆش نیم. با بزانین چی روودەدات. دواتر قسە دەکەین.

رۆژنامەڤان: پێویستە چیتان دەستبکەوێت؟

دۆناڵد ترەمپ: ئەمڕۆ گفتوگۆی دیکەمان دەبێت. نەخێر، لەو شێوازە رازی نیم...
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەردەم بڵیۆزخانەی بەریتانیا لە ئێران. وێنە: وۆڵ ستریت جۆرناڵ

بەریتانیا دیپلۆماتەکانی لە ئێران دەکشێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە نوێترین هۆشدارییدا رایگەیاند، سەرجەم کارمەند و دیپلۆماتەکانی وڵاتەکەی لە ئێران کشاندووەتەوە، ئەوەش بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە. وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتییانیشی کردووە بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ ئێران نەکەن و ئەوانەشی لەوێن بە زووترین کات بیر لە جێهێشتنی وڵاتەکە بکەنەوە.