رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیایەکی ژاپۆنی ئامێرێکی نوێی دروستکردووە کە تەنیا لە 15 خولەکدا و بەبێ بەکارهێنانی سابوون و شامپۆ، جەستەی مرۆڤ بەتەواوی دەشوات. ئامێرەکە جگە لە پاککردنەوە، باری دەروونیش ئارام دەکاتەوە و مۆدێلە پێشکەوتووەکەی نرخەکەی دەگاتە 385 هەزار دۆلار.
ئامێرەکە لەلایەن کۆمپانیای (Science)ـەوە دروستکراوە. یاسواکی ئۆیاما، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لەبارەی شێوازی کارکردنی ئامێرەکەوە دەڵێت: "ئەم ئامێرە تەکنەلۆژییە جەستەی مرۆڤ لە سەرەوە تاوەکو پێیەکانی دەشوات، بەبێ ئەوەی پێویستت بە هیچ جۆرە سابوونێک یان شامپۆیەک هەبێت."
کاری ئامێرەکە تەنیا پاککردنەوەی جەستە نییە، بەڵکو کار لەسەر دەروونی بەکارهێنەریش دەکات؛ لەڕێگەی هەستەوەرەکانەوە لێدانی دڵ و دۆخی کۆئەندامی دەمار دەپێوێت و بەپێی باری دەروونی، شاشەکەی بەردەم بەکارهێنەر دادەگیرسێت بۆ ئەوەی دەروونی ئارام بکاتەوە.
لەم کاتەدا مۆدێلە پێشکەوتووەکەی ئامێرەکە زیاتر دەستی خواپێداوان دەکەوێت، چونکە نرخەکەی نزیکەی 385 هەزار دۆلارە. جۆن ساسازاوا، راوێژکاری کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات: "ئەمە بۆ ئەوانەی خزمەت دەکەن و ئەوانەیشی خزمەت دەکرێت، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گوشار. دەمانەوێت ئەمە لەناو کۆمەڵگە بڵاوبکەینەوە."
کۆمپانیاکە تەنیا بیری لە کەسانی دەوڵەمەند نەکردووەتەوە، بەڵکو مۆدێلێکی دیکەیشیان تایبەت بە خانەی بەساڵاچووان دروستکردووە. نرخەکەی نزیکەی 9 هەزار دۆلارە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی ئەرکی سەر شانی کارمەندانی تەندروستییە لە کاتی شوشتنی کەسانی بەساڵاچوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ