رووداو دیجیتاڵ
بۆ چوارەمین ساڵ لەسەریەک، جەژنی نەورۆز لە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی ویلایەتی شلێسڤیگ هۆڵشتاین لە ئەڵمانیا بەرز راگیرا.
تۆبیاس کۆخ، پەرلەمانتاری ئەو ویلایەتە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو ڕایگەیاند کە ئەم دەستپێشخەرییە سێ ساڵ لەمەوبەر بە هاوکاری لەگەڵ سەیران پاپۆ، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی ئەو ویلایەتە، دەستیپێکردووە و ئێستا بووەتە نەریتێکی ساڵانە بۆ ئاشنابوون بە کولتوور و نەریتی نوێ.
تۆبیاس کۆخ جەختی لەوە کردەوە کە پیرۆزکردنی نەورۆز لە دامەزراوەیەکی فەرمیی وەک پەرلەمان، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پرسی تێکەڵبوونی (ئینتەگراسیۆنی) کۆچبەران و شکاندنی بەربەستە دەروونییەکان.
کۆخ ئاماژەی بەوە دا کە ویلایەتی شلێسڤیگ هۆڵشتاین وەک هەرێمێکی کراوە بایەخێکی زۆر بە فرەڕەنگی و پێکەوەژیان دەدات، ئەمەش وادەکات ئەو کەسانەی پاشخانی بیانییان هەیە، هەست بکەن لێرە پێشوازییان لێ دەکرێت و ببنە بەشێکی کاریگەر لە کۆمەڵگە و بازاڕی کاردا.
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کۆخ نیگەرانیی خۆی بۆ ئەو نەهامەتییانە دەربڕی کە رووبەڕووی خەڵکی سووریا و ئێران دەبنەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئازادی و مافی بڕیاردان لە چارەنووس بۆ ئەو گەلانە، لە پرسە ئابوورییەکان گرنگترە.
لە کۆتایی قسەکانی دا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەڵمانیا رایگەیاند ئێستا سەرنجیان تەنیا لەسەر حوکمڕانیی باش و خزمەتکردنی هاووڵاتییانە و هێشتا کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن نەهاتووە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز کۆخ بۆ کاتەکەت، بۆ جاری چوارەمە نەورۆز لە پەرلەمانی شلێسڤیگ هۆڵشتاین پیرۆز دەکرێت، ئێوە چۆن گەیشتنە ئەو بڕیارەی نەورۆز لە ناو باڵەخانەی پەرلەماندا بێت؟
تۆبیاس کۆخ: بەڵێ، ئەمە بۆ ئێمە شتێکی تایبەتە. بەڵام ئێمە لەگەڵ هاوکارەکەمان سەیران پاپۆ، پەرلەمانتارە و کوردە، سێ ساڵ لەمەوبەر ئەم بیرۆکە و دەستپێشخەرییەمان دەستپێکرد و لەو کاتەوە هەموو ساڵێک دووبارەی دەکەینەوە.
رووداو: ئێوە ئەم بۆنانە چۆن دەبینن بۆ پرسی تێکەڵبوونی (ئینتەگراسیۆنی) خەڵک لای ئێوە لە هەرێمی شلێسڤیگ هۆڵشتاین؛ ئایا ئەم جۆرە بۆنە کولتووری و جەژنانە دەبنە بەشێک بۆ ئەوەی خەڵک خۆیان بە بەشێک لەم کۆمەڵگەیە و ئەم هەرێمە بزانن؟
تۆبیاس کۆخ: بەڵێ بێگومان، ئەمە بۆ هەردوو لایەنەکەیە. بە بڕوای من، بۆ ئەو کەسانەی پاشخانێکی بیانییان هەیە، بانگهێشتکردنیان بۆ ناو باڵەخانەی پەرلەمان شتێکی زۆر تایبەتە. بێگومان بۆ ئێمەش جیهانێکی نوێیە؛ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی نوێ دەناسین، کولتوور و نەریتی نوێ دەناسین. مرۆڤ دەبینێت ئەو بەربەستە دەروونییانەی سەرەتا نامێنن و مرۆڤ هەموو ساڵێک دڵخۆش دەبێت، ئێمە پێکەوە هەڵپەڕکێی بۆ دەکەین. شتێک پێکەوە دروست دەبێت کە پێش 3 ساڵ نەماندەتوانی بیری لێ بکەینەوە.
رووداو: ئێوە و پارتەکەتان لەم هەرێمەی شلێسڤیگ هۆڵشتاین فەرمانڕەوان، چ ئاستەنگێکتان هەیە لە پرسی تێکەڵبووندا بۆ ئەو خەڵکەی دێنە ئێرە؟ دەزانم ئێستا پرسی کۆچبەری لەسەر ئاستی ئەڵمانیا زۆر گەرم نییە، ئایا لای ئێوە لە هەرێمەکە یان لەسەر ئاستی شارەوانییەکان ئەو بابەتە چۆنە؟
تۆبیاس کۆخ: ئێمە وەک هەرێم هەوڵ دەدەین تاوەکو دەرفەت هەبێت هاوکاری بکەین. لە پرسی تێکەڵبوون دا هاوکاریی دارایی شارەوانییەکان دەکەین. بەڵام لە هەموو شتێک گرنگتر ئەو هەستی پێکەوەبوونەیە کە خەڵک هەست بکەن لێرە بەخێرهاتنیان لێ دەکرێت و ئێمە ئەم فرەڕەنگییە بە نرخ دەبینین. گرنگی بەوە دەدەین خەڵک بتوانێت لە شلێسڤیگ هۆڵشتاین جێگەی خۆی بکاتەوە، لە پیشەکانیان دا سەرکەوتوو بن و پێشوازییان لێ بکرێت. بە بڕوای من، ئەمە لەگەڵ هەموو یاساکان و بابەتە دارایییەکان، ئێمە زیاتر گەشە پێدەدات. ئەم وێنە ئەرێنییەی لە شلێسڤیگ هۆڵشتاین هەیە، وەک هەرێمێکی کراوە بەرامبەر جیهان کە ڕێز لە کەمینەکانی خۆی دەگرێت، سوودی بۆ هەموو جیهان هەیە.
رووداو: ئایا دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمەکەتان هەبووە، جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پرسەکانی دیکە، یان لە ڕۆژەڤی ئێوەدا نەبووە؟
تۆبیاس کۆخ: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پرسێکە کە مرۆڤ بە شێوەیەکی کەسی رووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵام من دەبینم ئەوە بچووکترین پرسە. کاتێک مرۆڤ سەیری ئەو نەهامەتی و ئازارانە دەکات کە لەوێدا هەن؛ میوانەکانی ئەمڕۆمان زۆر کەسیان لە ئێران و سووریا هەیە. ئەمە لە گرانبوونی نەوت و گاز زۆر گەورەترە. لەبەر ئەوە، ئێمە دۆخەکە بە وردی دەپارێزین و هیوای گۆڕانکاری دەخوازین. دوای گۆڕینی ڕژێم لە سووریا هیوایەکی زۆر هەبوو بەڵام تاوەکو ئێستا هەمووی بەدی نەهاتووە. سەبارەت بە ئێرانیش، هیوادارین ئاشتی بۆ خەڵکەکەی بگەڕێتەوە، بەڵام پێش هەموو شتێک ئازادی، دیموکراسی و مافی بڕیاردان لە چارەنووس بێتە دی. ئێمە بە ڕاستی هیوای ئەوە دەخوازین.
رووداو: بەڕێز کۆخ، دوایین پرسیارم، ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن هەیە و زیاتر لە ساڵێک کات ماوە، ئایا هێدی هێدی گەیشتوونەتە کەشوهەوای هەڵبژاردن یان هێشتا کەمێک زووە؟
تۆبیاس کۆخ: گرنگترین شت ئەوەیە کە بەردەوام بین لە حوکمڕانیی هەرێمەکە و کارێکی باش بۆ خەڵک بکەین. بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی ساڵێک زۆر درێژ دەبێت. ئێمە چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردن دەست بەوە دەکەین، بەڵام تا ئەو کاتە بەهێزییەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی دۆخی خەڵک لە شلێسڤیگ هۆڵشتاین باشتر بێت.
رووداو: سوپاست دەکەین بۆ ئەو کاتەی پێت بەخشین!
تۆبیاس کۆخ: بە خۆشحاڵییەوە!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ