ئەو کەسەی لە کەنەدا 11 کەسی کوشت دەستگیرکرا؛ "نەخۆشیی دەروونی هەیە"

27-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەو گومانلێکراوەی کە بە ئۆتۆمبێلەکەی لە کەنەدا خۆی بە نێو خەڵکدا کرد و 11 کەسی کوشت، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا؛ دەگوترێت نەخۆشیی دەروونی هەیە."
 
رۆژی یەکشەممە 27-04-2025 ستیڤ رای، بەڕێوەبەری پۆلیسی ڤانکوڤەر گوتی، کەسێکی تەمەن 30 ساڵ بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئاودیی رەش، کە مێژوویەکی درێژی لە "نەخۆشیی دەروونی" هەیە، خۆی بە نێو خەڵکدا کردووە. "تاوەکو ئێستا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە."
 
تاوەکو ئێستا پاڵنەری پشت هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە. هێرشەکە دوێنێ شەوی شەممە، (دەوروبەری کاژێر 8:00ـی بەیانی یەکشەممە 27ی نیسان بەکاتی هەولێر)، لە شاری ڤانکوڤەری رۆژئاوای کەنەدا کرا. کەسێک بە خێرایی خۆی بە فێستیڤاڵێکدا کرد و چەندین کەسی بە ئۆتۆمبێلەکەی شێلا.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، یەک رۆژ بۆ هەڵبژاردنی گشتیی کەنەدا ماوە، پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکاش کاریگەریی زۆریان دروستکردووە. ترەمپ هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، کەنەدا بە خاکی ئەمریکاوە بلکێنێت.
 
رووداوەکە لەکاتێکدا بووە، گرووپێک کەسی بە رەچەڵەک فلیپینی کە پێیان دەگوترێت (فلیپینۆ) لە شەقامی سەنسێت لە ڤانکوڤەر خەریکی فێستیڤاڵ و ئاهەنگگێڕان بوون. 
 
ئاهەنگەکە بە (لاپو لاپو) ناسراوە و بۆ یادکردنەوەی سەرکردەیەکی سەدەی 16ـی فلیپینە کە لە دژی داگیرکاریی خاکەکەیان وەستاوەتەوە.
 
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەندین خێزان خوشک، برا، دایک، باوک، کوڕ یان کچیان لەدەستدا. ئەو خێزانانە لە کابووسدا دەژین."
 
دایڵ سێلیپ، یەکێکە لەو شایەتحاڵانەی لەکاتی رووداوەکە لەوێ بووە و گوتی: "چەند منداڵێکی بریندارم لەسەر شەقام بینی. ژنێکم بینی قاچێکی شکابوو، سەیری ئاسمانی دەکرد."
 
جێن ئیدابا کاستانێتۆ، یەکێک بوو لە پاسەوانەکانی ئەو فێستیڤاڵە و گوتی: "خەڵک لە هەموو شوێنێک کەوتبوون، نەماندەزانی بە هانای کامیانەوە بچین."
 
فێردیناند مارکۆس، سەرۆکی فلیپین گوتی: "بەو هەواڵە تۆقێنەرە حەپەساوم کە لە کەنەداوە پێمان گەیشت."
 
پۆلیسی ڤانکوڤەر رایگەیاند: "ئەمە تاریکترین رۆژی مێژووی شارەکەمانە."
 
کێن سیم، سەرۆکی شارەوانیی ڤانکوڤەر لەبارەی هێرشەکەوە نووسی: "تووشی شۆک بووم و خەمبارم بەم رووداوە کە لە فێستیڤاڵی لاپو لاپو روویداوە. بیرمان لای ئەوانەیە بوونە قوربانیی ئەو هێرشە، دەزانین ئێستا کاتێکی قورسە بۆ کەسوکاری قوربانییەکان."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە