رووداو دیجیتاڵ
لە بەریتانیا کارمەندێکی باڵای دەوڵەت لەسەر پەنابەران دەستگیرکرا. کارمەندەکە بە گەندەڵی و بەرامبەر پارە ئیقامەی داوەتە کۆچبەران.
لە هەر وڵاتێکی ئەوروپی کاتێک کۆچبەرێکی کورد یان ناکورد داوای پەنابەرییەکەی رەتدەکرێتەوە، دەکەوێتە دۆخێکی دژوارەوە. بۆیە ئامادەیە هەموو دەستی هاوکارییەک بگوشێ کە بۆی درێژ دەکرێ.
کارمەندێکی باڵای وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا (هۆم ئۆفیس) ئەمە باش تێگەیشتووە. بۆیە بیری کردووەتەوە چۆن پارە لەو جۆرە کۆچبەرە دڵشکاو و نائومێدانە پەیدا بکات. (عیمران ئێم) کارمەندە باڵاکەیە و تەمەنی 39 ساڵە. بەرپرسی چاوپێکەوتن و وەرگرتنی کەیسی پەنابەری و دواتر بڕیاردان لەسەر کەیسەکانە لە شاری مانچێستەر.
سەرەتای ساڵی 2024، عیمران تەلەفۆن بۆ کۆچبەرێک دەکات کە کەیسەکەی رەتکراوەتەوە. پێیدەڵێت ژمارە حیسابێکت بۆ دەنێرم، پارەی بۆ بنێرە و وادەکەم ئیقامە وەربگریت. کۆچبەرەکە ناوی (نووراڵ ئەمین)ـە و لەخۆشیان شاگەشکە دەبێ. هەر هەمان هەفتە 1500 پاوەند دەنێرێتە سەر حیسابەکە.
سەرەتای ئەم ساڵ نووراڵ، کە داواکاریی پەنابەرییەکەی رەتکرابووەوە، لەپڕ ئیقامە وەردەگرێ. لەو ماوەیەدا چەندینجار بڕە پارەی دیکە دەنێرێتە سەر حیسابی کارمەندەکەی دەوڵەت. هەر سەرەتای ئەمساڵ عیمران تەلەفۆن بۆ کۆچبەرێکی دیکە دەکات کە هاووڵاتیی تورکیایە و پێیدەڵێت مەترسیی دەرکردن لە بەریتانیای لەسەرە و ئەگەر ئیقامەی دەوێ دەبێ 2000 پاوەند بنێرێتە سەر حیسابەکەی.
کۆچبەرەکە، کە دیار نییە کوردە یان تورک، دەپەشۆکێت و گومان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دەکات. بۆیە دەچێ شکایەتی لێدەکات. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن ئەوەی تەلەفۆنی بۆ کردووە کاک عیمرانی خۆیانە! ئیتر دەستدەکەن بە لێکۆڵینەوە لەگەڵی. دروست لەوکاتەدا کە لێکۆڵینەوە دەکەن، نووڕاڵی خاوەن ئیقامە بڕێک پارەی دیکە دەنێرێتە سەر حیسابەکەی. بەمەش تەواوی کەیسەکە ئاشکرا دەبێ.
ئێستا عیمران بە 4 ساڵ زیندان و نووراڵ بە 18 مانگ زیندان حوکمدراون. داواکاری گشتی دەڵێت کارمەندە باڵاکەیان دنیایەک مەشقی پێکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ساختەکاری، کەچی لەجیاتی ئەوەی گەندەڵی ئاشکرا بکات، خۆی گەندەڵ دەرچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ