جیهان
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کاتی گوتاردان لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، رۆژی شەممە لە گوتارێکدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رەخنەی تووندی لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل گرت.
لاڤرۆڤ رۆژئاوای بە "تێکدانی" هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵی "تەقاندنەوەی" تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات.
لاڤرۆڤ گوتی، وڵاتانی رۆژئاوا بە سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تاران "تێکدەدەن".
لە گوتارەکەیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە رەتکردنەوەی پڕۆژە بڕیارێکی رووسی-چینی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بۆ دواخستنی سەپاندنی سزاکان، "سیاسەتی رۆژئاوای دەرخست کە ئامانجی تێکدانی چارەسەرە بنیاتنەرەکانە" و ئەو هەنگاوەی بە "چاوسوورکردنەوە" ناوبرد.
وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی "تەقاندنەوەی" تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات و رەخنەی لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران و قەتەر گرت و داواکارییەکانی ئیسرائیلی بۆ لکاندنی کەرتی رۆژئاوای لە فەلەستین رەتکردەوە.
لاڤرۆڤ گوتی: "بەکارهێنانی نایاسایی هێز لەلایەن ئیسرائیلەوە دژی فەلەستینییەکان، هەروەها جووڵە دووژمنکارییەکانی دژی ئێران، قەتەر، یەمەن، لوبنان، سووریا و عێراق، هەڕەشەی تەقاندنەوەی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات."
بە گوتەی لاڤرۆڤ، ئەوەی ئیسرائیل لە غەزە دەیکات، "سزادانی بەکۆمەڵ"ی فەلەستینییەکانە.
گوتیشی: "هیچ بیانوویەک بۆ لکاندنی کەرتی رۆژئاوا نابینم. ئەوەی روودەدات، هەوڵی کودەتایە بۆ لەنێوبردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین."
وەزیری دەرەوەی رووسیا هۆشداری دا کە وڵاتەکەی "وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە"ی دەبێت بۆ هەر "دەستدرێژییەک" کە بکرێتە سەر خاکەکەی، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای کرد ئەو فڕۆکە رووسیانە بخرێنە خوارەوە کە ئاسمانی ناتۆ دەبەزێنن.
سێرگی لاڤرۆڤ گوتی: "رووسیا تۆمەتبار دەکرێ بەوەی نزیکە لەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتانی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا."
گوتیشی: "رووسیا هەرگیز نیازی لەو شێوەیەی نەبووە و نییەتی. بەڵام هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتەکەم، رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە دەبێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ