راپۆرتێکی هەواڵگری: لە شەش مانگی داهاتوودا داعش دەتوانێت هێرش بکاتە سەر ئەمریکا

27-10-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن داعش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
راپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمریکی ئاشکرایدەکات، داعش پەرە بە تواناکانی خۆی دەدات و لەوانەیە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوو بتوانێت هێرشبکاتە سەر ئەمریکا.
 
بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی پیراندا وردەکاریی راپۆرتەکەی پێشکێشی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیران کرد و ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی تووشی شۆک کرد.
 
کۆلن کاهل، جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ دارشتنی سیاسەت نەیگوت داعش لە کوێ و چۆن هێرشدەکاتە سەر ئەمریکا، بەڵام هەڕەشەکەی بە "جددی" ناوبرد و گوتی: "ئەمە رێک ئەو هەڕەشەیە، کە دەبێت بەرامبەری تووندوتۆڵ بین و شکستی پێبێنین." کۆڵن گوتی "ئێمە زۆر دڵنیاین داعش نیازی هێرشیان هەیە."
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە هەواڵگرییەی ئەمریکا، کە خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی پیران، داعشی خوراسان لەتوانایدا هەیە لە ماوەی 12 مانگدا بەشێوەیەک پەرە بەتواناکانی بدات ئیدی بتوانێت هێرشی دەرەکی بکات، قاعیدەش کە ئێستا لەژێر چەتری تاڵیبان لە ئەفغانستان لە هەوڵی خۆ یەکخستنەوەیە، دەتوانێت لەماوەی دوو ساڵدا هێرشی دەرەکی بکات."
 
شارەزایانی هەواڵگری پێیانوایە داعشی خوراسان ئێستا گەورەترین هەڕەشەی دەرەکییە بۆ سەر ئەمریکا. کۆڵن کلارک، توێژەری باڵا لە رێکخراوی سەوفان دەڵێت: "لەوانەیە داعش ئێستا لەو پەڕی توانایدابێت لە رووی دارشتنی پیلانێک، کە هەڕەشەی گەورە لەسەر ئەمریکا دروستبکات."
 
سەبارەت بە گرووپەکانی دیکە، کە پەیوەندی پتەویان لەگەڵ داعشدا هەیە، دەڵێت ئەوانیش جێگەی مەترسین، بەڵام جارێ سەرنجیان زیاتر لەسەر کێشە نێوخۆییەکانە.
 
بەڵام ئەمە رای هەموو توێژەرێک نییە، بیل رۆجیۆ، ئەندامی باڵای دامەزراوەی بەرگریی لە دیموکراسی دەڵێت: "قاعیدە لە پێگە سەلامەتەکانی لە ئەفغانستان زۆر ئامادەترە، داعش لەگەڵ هەریەک لە تاڵیبان و قاعیدە شەڕ لە پێناو مانەوەدا دەکات."
 
رۆجیۆ دان بەوە دەنێت، کە لق و پۆپەکانی سەر بە قاعیدە و داعش مەترسی ئەوەیان لێدەکرێت هێرش بکەن، هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر گرووپەکانی سەر بە قاعیدەی لە سووریا بە نموونە هێنایەوە.
 
دوای 20 ساڵ شەڕکردن لە ئەفغانستان، لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ ئەمریکا دوایین سەربازی خۆی لە وڵاتەکە کشاندەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەرگری لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی کرد، گوتی مانەوەی زیاتر واتا قوربانیدانی زیاتر و گوتیشی هیچ هیوایەک نەبوو هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان بتوانن لەوە بەهێزتربن، ئەمەش دوای ئەو هەموو خەرج و پاڵپشتیەی بۆیان دابینکرابوو، کە بە خۆبەدەستەوەدان و شەڕنەکردن هەمووی بە ماوەیەکی کەم کەوتە دەست تاڵیبان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە