کچێکی کورد لە ئەڵمانیا هەلی کار بۆ 600 کچی دیکە دەڕەخسێنێت

27-10-2023
سوندوز مەروان، خانمێکی سەرکەوتووی کوردە لە ئەڵمانیا
سوندوز مەروان، خانمێکی سەرکەوتووی کوردە لە ئەڵمانیا
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوندوز مەروان، خانمێکی سەرکەوتووی کوردە لە ئەڵمانیا لە بواری بازاڕگەریدا بەشێوەی ئۆنلاین. لە دیاسپۆرا باسی چیرۆکی چوونی بۆ ئەڵمانیا و سەرکەوتنی لە کارەکەیدا دەکات.
 
سوندوز ئێستا تەمەنی 21 ساڵە و بەر لە حەوت ساڵ لەگەڵ خانەوادەکەی لە گوندی دووبەردانی سنووری ناحیەی باشیک لە پارێزگای نەینەوا رووی لە ئەڵمانیا کردووە، سەرەتا لە نەخۆشخانەکان کاریکردووە، دوای ئەوەی شوو دەکات و دووگیان دەبێت، ناچار لە ماڵەوە دەمێنێتەوە لەوێوە بیر لەوە دەکاتە کاری فرۆشی لە رێگەی ئۆنلاینەوە بکات.
 
ئەو کچە کوردە میوانی دیاسپۆرابوو، گوتی، "دوای ئەوەی بەهۆی دووگیانبوونمەوە ناچاربووم لە ماڵەوە بمێنمەوە، بیرم لەوە کردەوە بتوانم کارێک بکەم، ئەوەبوو بیرم لەوەکردەوە بە رێگەی ئۆنلاین بازاڕی بکەم، توانیم لەگەڵ کۆمپانیایەک رێکەوم و دەستم پێکرد، پڕۆژەیەکم جێبەجێکرد بۆ هاوکاریی ژنان کە لە ماڵەوەن بە هەرهۆکارێک بێت بتوانن کاربکەن بە ئۆنلاین، کۆمپانیاکەش هاوکاریی ژنان دەکات بۆ کارکردن بە ئۆنلاین لە ماڵەوە، ئێستا کارەکەم زۆر فراوانە و توانیم 600 خانم کۆبکەمەوە بە ئۆنلاین کاربکەین، بەوهۆیەوە پێگەکەم لە کۆمپانیاکە بەرزکرایەوە و دواتر لە مەراسیمێکدا خەڵاتیان کردم".
 
سوندوز مەروان دەشڵێت، "بازاڕکردنمان بە ئۆنلاین جگە لە زمانی هۆڵەندی، بە زمانی کوردی و عەرەبیش دەکرێت و هەرکەسێک مافی مانەوەی لە وڵاتێکی ئەوروپا هەبێت، دەتوانێت کاری ئۆنلاینمان لەگەل بکات".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سوندوز ئاماژەی بەوەدا، کە باوکی پاڵپشتییەکی بەهێزی بووە، لەو کارەشیدا هاوژینەکەی پشتیوانی لێکردووە و دەڵێت، "نامەوێ دوای ئەوەی ببمە دایکیش، واز لەم کارەم بهێنم، تەنانەت ماوەیەک پێش ئێستا بە سەردان گەڕامەوە کوردستان توانیم لە رێگەی مۆبایلەکەمەوە کار بکەم".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە