رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی جۆرجیا بەڕێوەچوو و پارتی دەسەڵاتداری (خەونی جۆرجیا) بردییەوە. پارتەکە بە نزیک لە رووسیا هەژمار دەکرێت و ئەورووپا و ئۆپۆزسیۆن گومانیان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە هەیە.
رۆژی یەکشەممە 27-10-2024، ئەنجامی 99٪ـی بەرایی هەڵبژاردنی جۆرجیا راگەیێندرا و پارتی خەونی جۆرجیا (GD) توانی زۆرینەی کورسییەکان بباتەوە. پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی نزیک لە ئەورووپا ناڕازین و رایانگەیاند: "ئەنجامەکان راست نین".
هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کۆماری جۆرجیا لە 26ـی ئەم مانگە کرا. سێ ملیۆن و 508 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، 54٪یان بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکە کرد. پەرلەمانی جۆرجیا لە 150 کورسی پێکدێت و 76 کورسی پێویستە بۆ ئەوەی پارتێک ببێتە زۆرینە.
خەونی جۆرجیا، پارتێکی تەمەن 12 ساڵە و لە سێ خولی رابردوودا زۆینەی بەدەستهێناوە، توانی ئەم خولەش 54٪ـی دەنگەکان واتا 89 کورسی بەدەستبهێنێت، یەکێک لە کورسییەکان کوردێک بردوویەتیەوە.
ئیسکۆ داسنی، توانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت و بۆ سێیەم خول لەسەر یەک ببێتە پەرلەمانتاری جۆرجیا.
ئیراکلی کۆباخیدزێ، سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا بە بردنەوەی حیزبەکەی دڵخۆشە و رایگەیاند: "بردنەوەکەمان مەزنە. پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەیانەوێت دەستووری وڵات تێکبدەن".
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا خەونی جۆرجیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیادا پەرەپێداوە و زیاتر بەلای رۆژهەڵاتدا دەشکێتەوە. لەکاتێکدا، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی وەکو (هاوپەیمانی بۆ گۆڕانکاری)، (یەکگرتن) و (جۆرجیای بەهێز) کە لایەنگری ئەورووپان، لە هەڵبژاردنەکە پەستن و دەڵێن: "ساختەکاریی کراوە و قبووڵی ناکەین".
هاوپەیمانی بۆ گۆڕانکاری (CFC) 18 کورسی، بزووتنەوەی نیشتمانیی یەکگرتن (UNM) 17 کورسی و جۆرجیای بەهێز (SG) 14 کورسییان بەدەستهێناوە.
تینا بۆکوچاڤا، سەرکردەی پارتی یەکگرتن رایگەیاند، ئەنجامەکان "ساختەن" و هەڵبژاردنەکە "دزراوە". ئەو گوتی: "ئەمە هەوڵێکە بۆ دزینی داهاتووی جۆرجیا. پارتەکەمان ئەنجامەکان قبووڵ ناکات".
نیکا گاڤارامیا، سەرکردەی پارتی ئاخالی، کە ئۆپۆزسیۆنە گوتی: "هەڵبژاردنەکە کودەتایەک بوو بۆ سەر دەستووری جۆرجیا لەلایەن حکومەتەوە".
سالۆم زورابیشڤیلی، سەرۆکی جۆرجیا و لایەنگری ئەورووپا گوتی: "پێشێلکاریی زۆر لە بەشێک لە بنکەکانی دەنگداندا کراوە".
چاودێرێکی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "لە گوندی سەداخلۆ، لە باشووری رۆژهەڵاتی جۆرجیا بە چاوی خۆم ساختەکاریم لە بەرژەوەندیی خەونی جۆرجیا بینی".
هەریەک لە رێکخراوی هاوئاهەنگی و ئاسایشی ئەورووپا (OSCE)، ئەنجوومەنی ئەورووپا و پەرلەمانی ئەورووپا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی هەڵبژاردنەکە بڵاوکردەوە، سێ دامەزراوەکە نیگەرانیی خۆیان لەبارەی دادپەروەریی هەڵسوکەوتی حکومەت دەربڕی و رایانگەیاند، "حکومەت بە یەکسانی مامەڵەی لەگەڵ هەموو پارتەکان نەکردووە، ئەمەش وادەکات خەڵک کەمتر متمانەیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەبێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە بۆچی خەڵکێکی زۆر دژیان دەوەستنەوە. دەبێت ئەم جۆرە کێشانە لە لایەن حکومەتەوە چارەسەر بکرێن".
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە جۆرجیا چەندین خۆپێشاندانی جەماوەریی گەورەی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی خەڵک تۆمەتی ئەوەیان دەخستەپاڵ حکومەت کە دەیەوێت جۆرجیا لە ئەورووپا دوور و لە رووسیا نزیک بکاتەوە و دەنگی ئازادی دەکوژێت.
پارتی خەونی جۆرجیا لە ساڵی 2012ـەوە لە دەسەڵاتە و لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو ئەجێندایەکی لیبراڵییان بۆ لایەنگریی ئەورووپا هەبوو، بەڵام دوو ساڵە حیزبەکە زیاتر لە رووسیا نزیک بوونەتەوە، جەنگی ئۆکرایناش ئەورووپا و جۆرجییەکانی لە رووسیا تووڕەکردووە.
دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و لە سەرەتای وەرگرتنی سەربەخۆیی لە 1991، جۆرجیا رووی لە وڵاتانی رۆژئاوا و یەكێتیی ئەورووپا بوو و ئامانجی "یەکگرتنەوەی تەواو" لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ بوو. لە 3ـی ئاداری 2022 جۆرجیا لەگەڵ ئۆکراینا و مۆڵدۆڤا داواکاریی ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەورووپا پێشکێش کرد. جۆرجیا توانی لە 14ـی کانوونی یەکەمی 2023 ببێتە یەکێک لە بەربژێرانی بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، بەڵام یەکێتیی ئەورووپا ئەمەی پەیوەست کردووە بە پێشکەوتن لە 9 بواری جیاوازدا:
- بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست.
- هاوتەریبکردنی سیاسەتی جۆرجیا لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا.
- چارەسەری جەمسەرگیریی سیاسی.
- بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە.
- باشترکردنی چاودێری پەرلەمان و کاری پەرلەمان.
- چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوەری دا.
- سەربەخۆکردنی دامەزراوەکان و پاراستی بێلایەنییان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
- فراوانکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان، هەروەها فراوانکردنی رووبەری کەرتی تایبەت.
- دەستەبەرکردنی ئازادی گردبوونەوە و ئازادی رادەربڕین و پاراستنی مافی مرۆڤ.
کۆمەڵێک یاسا و رێکار لەلایەن پارتی دەسەڵاتداری جۆرجیا دەرچوون کە بۆ یەکێتیی ئەورووپا جێی پرسیار و گومان بوون، بەڵام ئەو یاسایەی لە هەمووان زیاتر مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا ئەوەبوو هەر رێکخراوێک یان دامەزراوەیەک زیاتر لە 20٪ لە داهاتەکەی لە دەرەوەی وڵاتەکەوە بێت، قەدەخە دەکرێت و وەک رێکخراوێک کە "کار بۆ بەرژەوەندییە دەرەکییەکان" دەکات تومەتبار دەکرێت.
پارتی دەسەڵات ئەم هەڵبژاردنە وەکو پرۆسەیەک سەیر دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئاشتی یان شەڕ، مەبەست ئەوەیە نزیکبوونەوە لە رۆژئاوا بریتییە لە راگەیاندنی شەڕ دژی رووسیا، بەڵام مانەوە لەژێر چەتری رووسیا گەرەنتی ئاشتی و سەقامگیری وڵاتەکە دەکات.
دەرچوونی هەندێک یاسا و هەڵوێستی سیاسی وایکرد کە لە نێوەڕاستی 2024 دا یەکێتیی ئەورووپا پرۆسەی ئەندامبوونی جۆرجیا لە یەکێتیەکەدا رابگرێت.
پەیوەندییەکانی نێوان جۆرجیا و یەکێتیی ئەورووپا پشت بە رێککەوتنێکی هاوبەش دەبەستێت کە لە نێوەڕاستی ساڵی 2016 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. نێوەڕۆکی ئەم رێککەوتنە پێکدێت لە بوونی ناوچەیەکی بازرگانی ئازاد و گەشتکردنی خەڵک بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەبێ ڤیزای شنگن. یەکێتیی ئەورووپا هاوبەشی سەرەکی بازرگانی جۆرجیایە و ئاڵۆگۆری بازرگانی لە نێوانیاندا لەسەدا 20ـە، دواتر تورکیا بە رێژەی سەدا 13 و رووسیا بە رێژەی سەدا 11 دێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ