جیهان
منداڵێک و گەنجێک لە نەخۆشخانەیەکی سووریا چارەسەر وەردەگرن دوای هێرشێکی گوماناویی کیمیایی لە غوتەی رۆژهەڵات. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی فەرەنسا کەسێکی سووری - فەرەنسی دەستبەسەر دەکات کە گومانی ئەوەیان لێکردووە کەرەستەی دروستکردنی چەکی کیمیایی لە رێگەی کۆمپانیایەکی گواستنەوەوە لە فەرەنساوە بردووەتە سووریا.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 27-12-2021 چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەیسەکە رایانگەیاند، ئەو کەسە رۆژی شەممە 25-12-2021 لە باشووری فەرەنسا دەستگیرکراوە و ئاماژەیان بەوەش کرد، ئەو کەسە لەدایکبووی ساڵی 1962ە و لە دەرەوەی فەرەنسا ژیاوە، "بەڵام بۆ پشووی سەری ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەتەوە وڵات".
دەستگیرکردنەکەشی بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە دادگەی فەرەنسا، بەهۆی ئەوە بووە کە گومان دەکرێت "پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، هاوکاربوون تێیدا و هاوکاربوون بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ" ئەنجامدابێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەو تاوانانەی ئەو کەسەی لەسەری دەستبەسەر کراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئاداری ساڵی 2011 کە ئەو کات تازە جەنگی نێوخۆی سووریا دەستیپێکردبوو، تاوەکو لانیکەم مانگی کانوونی دووەمی 2018 لەسەر ئەو کارانە بەردەوام بووە کە پێی تۆمەتبار کراوە.
ئەو سەرچاوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەو کەسە کۆمپانیای لە شوێنی جیاواز هەبووە و "بەشداریی لە دابینکردنی کەرەستەی جیاواز بۆ حکومەتی سووریا بۆ دروستکردنی چەکی نائاسایی کردووە"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمە دەبێتە جاری یەکەم کەسێک بەهۆی گومانی پاڵپشتیکردنی حکومەتی سووریا دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی فەرمییەوە" لە فەرەنسا.
جەنگی سووریا تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی نیو ملیۆن کەس، کە بە گەورەترین جەنگ لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دادەنرێت.
حکومەتی سووریا رەتیدەکاتەوە چەکی کیمیایی بەکارهێنابێت و دەڵێت، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ساڵی 2013دا چەکە کیمیاییەکەی لەنێوبردووە.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا سووریا لە مافی دەنگدان لە رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی تایبەت بەو وڵاتەدا بێبەش کرا و هەرواش دەمێنێتەوە تاوەکو بە شێوەکی یەکجارەکی "چەکە کیمیاییەکەی و ئەو شوێنانەی لێی دروستدەکرێت" ئاشکرا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ