تایلەند و کەمبۆدیا رێککەوتنی ئاگربەستی دەستبەجێیان واژۆ کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تایلەند و کەمبۆدیا گەیشتنە رێککەوتنێکی "دەستبەجێ" بۆ راگرتنی جەنگ و کۆتاییهێنان بە چەندین هەفتە لە پێکدادانی خوێناوی سەر سنووری نێوانیان؛ بەوەش هیوای گەڕانەوە بۆ نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی هەردوو وڵات گەڕایەوە.

رۆژی شەممە، 27-12-2025، لیژنەی باڵای تایبەتی سنووری نێوان هەردوو وڵات، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە: "هەردوولا لەگەڵ واژۆکردنی ئەم راگەیێندراوە، گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەستی دەستبەجێ، کە لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بە کاتی ناوخۆ [4:00ـی دوای نیوەڕۆ بەکاتی هەولێر] دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
 
رێککەوتنەکە هەموو جۆرە چەکێک دەگرێتەوە و جەختی کردووەتەوە کە "پێویستە هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل، دامەزراوە سڤیلەکان و ژێرخان و ئامانجە سەربازییەکان لە هەموو ناوچەکاندا رابگیرێت."
 
ئەم ئاگربەستە دوای سێ رۆژ لە دانوستاندنی چڕ دێت؛ لە کاتێکدا جەنگی ئەم دواییە زیانی گەورەی لێکەوتووەتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەم مانگەدا زیاتر لە 40 کەس لە هەردوولا کوژراون و نزیکەی یەک ملیۆن کەسیش ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
 
بەر لە واژۆکردنی رێککەوتنەکە، هەردوو وڵات یەکدییان بە نوێکردنەوەی هێرشەکان تۆمەتبار دەکرد. وەزارەتی بەرگریی کەمبۆدیا رایگەیاندبوو، تایلەند بە فڕۆکەی جەنگیی F-16 زیاتر لە 40 بۆمبی بەسەر ناوچە سنوورییەکاندا بەرداوەتەوە، لە بەرامبەردا میدیای تایلەند باسیان لە تۆپبارانی چڕی کەمبۆدیا بۆ سەر گوندەکان و زیانگەیاندن بە خانووی هاووڵاتییان دەکرد.
 
ئانووتین چارنڤیراکۆڵ، سەرۆکوەزیرانی تایلەند دوێنێ هەینی گەشبینیی خۆی بۆ سەرکەوتنی دانوستاندنەکان نیشاندا و گوتی: "دەتوانن متمانە بە تایلەند بکەن، ئێمە هەمیشە پابەندی رێککەوتنەکانمانین. با ئەمە دوایین واژۆ بێت، بۆ ئەوەی ئاشتی بگەڕێتەوە و خەڵکەکەمان بچنەوە ماڵەکانیان."
 
سەرۆکوەزیرانی تایلەند ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رێککەوتنە پشت بەو خاڵانە دەبەستێت کە لە تشرینی یەکەمدا لەسەری رێککەوتبوون، لەوانە: پاککردنەوەی ناوچە سنوورییەکان لە مین. کشانەوەی چەکە قورسەکان و رێگەدان بە چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ بینینی دۆخی ئاگربەستەکە.
 
ململانێی نێوان کەمبۆدیا و تایلەند مێژووییە و پەیوەستە بە دیاریکردنی سنووری 800 کیلۆمەتریی نێوانیان کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی کۆڵۆنیالیزم [داگیرکاری] دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لەسەر شوێنەوارە ئایینی و مێژووییەکانی ناوچەکە.
 
بۆ جێگیرکردنی ئەم ئاگربەستە، ئەمریکا، چین و مالیزیا رۆڵی سەرەکییان گێڕا. هۆن مانێت، سەرۆکوەزیرانی کەمبۆدیا ئاشکرای کرد کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ پاراستنی ئاگربەستەکە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای چین و ئەمریکا لەسەر مێزێک دانراوە

چین سزای بەسەر 20 کۆمپانیای ئەمریکیدا سەپاند

حکومەتی چین سزای بەسەر 20 کۆمپانیای پیشەسازیی سەربازی و 10 کەسایەتیی ئەمریکادا سەپاند. ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێکی تووند دێت بۆ هەنگاوەکەی ئیدارەی ترەمپ تایبەت بە فرۆشتنی چەک بە بەهای 11 ملیار دۆلار بە تایوان.