رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و 21 وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی، جەختیان کردەوە لە رەتکردنەوەی بێ ئەملاولای راگەیاندنی دانپێدانانی ئیسرائیل بە سۆمالیلاند و، ئەم هەنگاوەیان بە "پێشینەیەکی مەترسیدار و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی" وەسف کرد.
ئەمە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی رێکخراوەکە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی تورکیا، ئوردن، میسر، جەزائیر، دوورگەکانی قەمەر، جیبۆتی، گامبیا، ئێران، عێراق، کوێت، لیبیا، ماڵدیڤ، نایجیریا، عومان، پاکستان، فەلەستین، قەتەر، سعودیە، سۆماڵ، سوودان و یەمەن هات، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە پلاتفۆرمی (ئێکس) بڵاوکرایەوە.
ئیسرائیل رۆژی هەینی رایگەیاند، بە فەرمی دان بە سۆماڵیلاند دا دەنێت، ئەمەش یەکەمجارە وڵاتێک دان بەو کۆمارەدا بنێت کە لە ساڵی 1991ـەوە بە تاکلایەنە جیابوونەوەی خۆی لە سۆماڵ راگەیاندووە.
راگەیێندراوەکە جەختی لە "رەتکردنەوەی بێ مەرجی راگەیاندنی دانپێدانانی ئیسرائیل بە هەرێمی سۆمالیلاند کە بەشێکە لە کۆماری فیدراڵی سۆماڵ" کردەوە، ئەمەش لەبەر رۆشنایی لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم رێکارە بێوێنەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەی ئەفریقا و دەریای سوور و، کاریگەرییە خراپەکانی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە هاوکات گوزارشت لە بێباکی ئاشکرای ئیسرائیل دەکات بەرامبەر بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "دانپێدانان بە سەربەخۆیی پارچەیەک لە خاکی وڵاتان پێشینەیەکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و بنەما جێگیرەکانی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان."
هەروەها "بە تووندترین شێوە" سەرکۆنەی ئەم دانپێدانانەی کرد کە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت، کە جەخت لە پاراستنی سەروەریی وڵاتان و یەکپارچەیی خاکەکەیان دەکاتەوە، وەک لە دەقی بەیاننامەکەدا هاتووە.
هەروەها، "بە تەواوی پەیوەستکردنی ئەم رێکارەی ئیسرائیل بە هەر پیلانێک بۆ راگواستنی گەلی فەلەستین" رەتکردەوە.
راگەیاندنی دانپێدانانی ئیسرائیل بە "کۆماری سۆمالیلاند" وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە هەینییەوە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و سەرکۆنەکردنی فراوانی عەرەبی، ئیسلامی و ناوچەیی لێکەوتووەتەوە، لەگەڵ هۆشداری دان لەوەی ئەم هەنگاوە "پێشێلکارییەکی زەقە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان" و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەی ئەفریقا و سەقامگیری سۆماڵ.
هاوکات یەکێتیی ئەورووپا رۆژی شەممە جەختی کردەوە، دەبێت رێز لە سەروەریی سۆماڵ بگیرێت. ئەنوەر عەنوونی، گوتەبێژی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، یەکێتییەکە "دووپاتی دەکاتەوە گرنگە رێز لە یەکێتی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کۆماری فیدراڵی سۆماڵ بگیرێت، بەگوێرەی دەستووری ئەو وڵاتە و پەیماننامەکانی یەکێتیی ئەفریقا و نەتەوە یەکگرتووەکان."
گوتەبێژەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەمە کلیلی ئاشتی و سەقامگیریی تەواوی ناوچەی قۆچی ئەفریقایە." گوتیشی: "یەکێتیی ئەورووپا هانی گفتوگۆی جیدی لەنێوان سۆماڵیلاند و حکومەتی فیدراڵی سۆماڵ دەدات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە دێرینەکان."
دوای هەنگاوەکەی ئیسرائیل، مەقادیشۆ بڕیارەکەی بە "هێرشی بەمەبەست" بۆ سەر سەروەرییەکەی ناوبرد. هاوکات میسر، تورکیا، ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کە لە شەش وڵات پێکهاتووە و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە بارەگاکەی لە سعودیەیە، هەموویان سەرکۆنەی بڕیارەکەیان کرد.
سۆماڵیلاند کە خۆی وەک کۆمارێک راگەیاندووە، پێگەیەکی ستراتیجیی لەسەر کەنداوی عەدەن هەیە و خاوەنی دراو، پاسپۆرت و سوپای تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام لەوەتەی بە تاکلایەنە سەربەخۆیی راگەیاندووە، لە رووی دیپلۆماسییەوە گۆشەگیر کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ