پەرلەمانتارێکی ئەورووپا بۆ کایا کالاس: پێویستە کوردەکانی سووریا بپارێزرێن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی ئەورووپی لە پەیامێکی توونددا بۆ کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، داوای دەستبەجێی پاراستنی کوردەکانی سووریا دەکات و هۆشداری لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دەدات. دەشڵێت، کوردەکان گەمارۆ دراون و لە دۆخێکی مرۆیی سەختدا دەژین.
 
 
رۆژی چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، یۆناس شوستد، پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەورووپا لە گوتارێکدا روو لە کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، "کوردەکان لە سووریا داعشیان تێکشکاند و نابێت جیهان قوربانییەکانی ئەوان لەبیر بکات". گوتیشی: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەر شانە و ئێستا کاتی ئەوەیە دەنگ هەڵببڕدرێت بۆ رێگریگری لە هەر کۆمەڵکوژییەک دژی کوردان."
 
ئەم پەرلەمانتارە تیشکی خستە سەر دۆخی مەیدانیی ناوچەکە و ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای سووریا و گرووپە جیهادییەکان هێرش دەکەنە سەر کورد و ئێستا کورد لە کۆبانی و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا گەمارۆ دراون. بە گوتەی ئەو، "خەڵکی ناوچەکە بەبێ ئاو و کارەبا دەژین و مەترسییەکی جددی هەیە کە بە چوونە ناوەوەی سوپای سووریا، ژمارەیەکی زۆر خەڵک بکوژرێن."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، پەرلەمانتارە ئەورووپییەکە باسی لەوە کرد کە تائێستا دەیان هەزار کەس ئاوارە بوون، هەربۆیە داوای راگەیاندنی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستان بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە دەکات. جەختیشی کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە دەستی لێقەوماوان و یەکێتیی ئەورووپا هەڵوێست بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد وەربگرێت.
 
گوتەکانی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدان لە 6ی ئەم مانگەوە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە رووبەڕووی هێرشی سوپای حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکان بوونەتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری داوە لەوەی بەردەوامیی ئەو هێرشانە دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس و ناسەقامگیریی زیاتر.
 
دەقی قسەکانی یۆناس شوستد، پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەورووپا: 
 
"کورد لە سووریا داعشیان تێکشکاند. ئێمە ئەوەمان لەبیر نەکردووە کە ئێوە چیتان بۆ کردین. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکی لەسەر شانە. ئێستا روو لە تۆ دەکەم، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا. ئێستا کاتی ئەوەیە دەنگ هەڵببڕدرێت. نابێت هیچ کۆمەڵکوژییەک دژی کورد لە باکووری سووریا بکرێت. 
 
پێویستە دانیشتووانی مەدەنی بپارێزرێن. پێویستە ئێستا گوێت لەم دەنگە بێت. لە باکووری سووریا، سوپای سووریا و گرووپە جیهادییەکان هێرش دەکەنە سەر کورد. لە کردەوەدا، کوردەکان هەم لە کۆبانێ و هەم لە ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا گەمارۆ دراون. خەڵکی ئێستا بەبێ کارەبا و بەبێ ئاو دەژین؛ مەترسی ئەوە هەیە کە هێزەکانی سووریا بچنە ناوچەکە و ببینین ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەکوژرێن. تائێستا دەیان هەزار کەس ئاوارە بوون. لەم بارودۆخەدا، ئاگربەست پێویستە. لەبری تووندوتیژی زیاتر، پێویستمان بە دانوستانە بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە. پێویستە دڵنیا ببینەوە لەوەی هاوکارییە مرۆییەکان دەگەنە دەستی لێقەوماوان. ئێستا کاتی ئەوەیە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد هەڵوێست وەربگیرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کوردانی قامشلۆ لەنێو سەرمای زستاندا رژاونەتە سەر شەقامەکان

پەرلەمانی سکۆتلەندا داوای پاراستنی کوردی رۆژئاوای کوردستان دەکات

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سکۆتلەندا لە ڕێگەی یاداشتێکەوە نیگەرانیی خۆیان لەبارەی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و داوا دەکەن حکومەتی سکۆتلەندا و بەریتانیا بۆ پاراستنی گیانی کوردی ئەو ناوچەیە هاوئاهەنگی بکەن.