چەند بەرپرسێکی ئیسرائیل بۆ رۆیتەرز: عەلی خامنەیی کوژراوە و تەرمەکەی دۆزراوەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبەر حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەند بەرپرسێکی ئیسرائیل بە رۆیتەرزیان راگەیاند، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە و تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
 
تاوەکو ئێستا میدیای ئێران زانیارییەکانی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی، دوو کەناڵی سەرەکیی تەلەڤزیۆنیی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، وێنەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دراوە.
 
کەناڵی 12ی ئیسرائیل رایگەیاند: "وێنەی تەرمەکە نیشانی نەتەنیاهوو و ترەمپ دراوە."
 
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی پەخشی گشتیی ئیسرائیل (Kan) بڵاویکردەوە: "بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لە کوشتنی خامنەیی ئاگادار کراونەتەوە؛ تەرمەکەی لەژێر داروپەردووی شوێنی مانەوەی دەرهێنراوەتەوە."
 
تاوەکو ئێستا تاران هیچ زانیارییەکی لەبارەی گیانلەدەستدانی خامنەیی بڵاونەکردووەتەوە و هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
رۆژی شەممە، ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا بە ناوی "نەڕەی شێر" هێرشیان کردە سەر ئێران.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تەنیا خۆیان 200 فڕۆکەی جەنگی لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە و 500 پێگەی ئێرانیان پێکاوە. 
 
بەرپرسانی ئیسرائیل باسی کوژرانی چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی ئێران دەکەن و ئێرانیش رەتیدەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە