ئایا جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران درێژە دەکێشێت؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە رۆژی شەممە دەستیانپێکرد، دەکرێت ببنە ئۆپەراسیۆنێکی درێژخایەن. ئامانجەکان ئاڵۆزن و دیارترینیان "لێدانە لە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی" و لەنێوبردنی توانا سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.
 
جیاواز لە شەڕەکەی پار
 
لە شەڕە 12 رۆژییەکەی حوزەیرانی پار، ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمریکا تەنیا بنکە ئەتۆمییەکانی کردە ئامانج، بەڵام ئەمجارە جیاوازە.
 
ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل دەڵێت: "ئێمە دەستمان بە ئۆپەراسیۆنێک کردووە کە لە قەبارەیەکی تەواو جیاوازدایە؛ زۆر ئاڵۆزتر و فراوانترە."
 
شەڕی مان و نەمان
 
دەیڤد خەلفە، توێژەر لە ناوەندی ئەتڵەنتیک دەڵێت: "ئەمە هێرشێکی گەورەیە و بە بڕوای من چەند رۆژێک، بگرە چەند هەفتەیەک دەخایێنێت."
 
بە بڕوای شارەزایان کە قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، ئامانجی هێرشەکە تێکدانی زنجیرەی فەرماندەیی ئێران و دروستکردنی گۆڕانکاریی نێوخۆییە، ئەگەر گۆڕینی دەسەڵاتیش نەبێت.
 
سەنەم وەکیل، بەڕێوەبەری پرۆگرامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە  چاتام هاوس دەڵێت: "ئەم قۆناخەی جەنگەکە، قۆناخی مان و نەمانە و پەیوەندی بە مانەوەی رژێمەوە هەیە، بۆیە دوورە بە زوویی کۆتایی بێت."
 
هەوڵەکانی ئێران
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەوڵدایە رێگە لە فراوانبوونی شەڕەکە بگرێت. ئەو بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە، بە وڵاتانی کەنداوی گوتووە "نیازمان نییە هێرش بکەینە سەر ئەوان"، بەڵام لە چوارچێوەی بەرگریدا لە بنکەکانی ئەمریکا دەدەن. هەروەها دەرگای گفتوگۆی بە کراوەیی هێشتووەتەوە و دەڵێت: "ئەگەر ئەمریکییەکان بیانەوێت قسەمان لەگەڵ بکەن، دەزانن چۆن پەیوەندیم پێوە بکەن."
 
مەترسیی تێوەگلانی ناوچەکە
 
مەترسییەکە ئەوەیە وڵاتانی عەرەبی بەشداری بکەن یان رێگە بە ئەمریکا بدەن خاکەکەیان بەکاربهێنرێت، ئەمەش وادەکات ئێران و گرووپە چەکدارە بەوەکالەتەکانی شەڕەکە فراوانتر بکەن.
 
براندن بەک، توێژەر لە پەیمانگەی کاتۆ هۆشداری دەدات کە "واشنتن مەترسیی ئەوەی لەسەرە لە شەڕێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێوەبگلێت بێ ئەوەی رێگەی دەرچوونی دیار بێت."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە