لەدایکبوون لە ئەڵمانیا گەیشتە نزمترین لە ساڵی 1946ـەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

داتاکانی ئەڵمانیا نیشانی دەدەن لەدایکبوون لەو وڵاتە بۆ نزمترین ئاست لە ساڵی 1946ـەوە دابەزیوە، ئەمەش وڵاتەکە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورەی پیربوونی دانیشتووان دەکاتەوە.
 
بەگوێرەی فەرمانگەی ئاماری فیدراڵیی ئەڵمانیا کە رۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، لە ساڵی 2025دا نزیکەی 654,300 منداڵ لەو وڵاتە لەدایکبوون، ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی پێشتر 677,117 منداڵ لەدایکببوون، واتە رێژەکە3.4% دابەزیوە.
 
ئەمە چوارەم ساڵە لەسەریەک لەدایکبوون لە ئەڵمانیا دادەبەزێ. لە ساڵی 2023ـدا 692،989 منداڵ لەدایکبوون و ساڵی پێش ئەوەش 738،819 منداڵ. 
 
فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ساڵی 2025دا ژمارەی مردووان نزیکەی 1.01 ملیۆن کەس بووە، بەمەش ژمارەی مردووان 352 هەزار کەس زیاتر بووە لە ژمارەی لەدایکبووان، کە ئەوەش بە گەورەترین "کورتهێنانی لەدایکبوون" لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە هەژمار دەکرێ.
 
فەرمانگەی ئاماری ئەڵمانیا دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم دابەزینە دەگەڕێنێتەوە. یەکەمیان، کەمیی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵانی نەوەتەکاندا لەدایکبوون و ئێستا گەیشتوونەتە تەمەنی منداڵبوون. دووەم، دابەزینی وەچەخستنەوە لە ساڵی 2022ـەوە.
 
داتاکان دەریدەخەن کە لە ساڵی 2024دا نزیکەی 19 ملیۆن کەس لە ئەڵمانیا تەمەنیان 65 ساڵ و بەرەو سەر بووە کە دەکاتە 23%ی کۆی دانیشتووان، لە کاتێکدا لە ساڵی 1991دا ئەو رێژەیە تەنیا 15% بووە.
 
ئەم دۆخە دیمۆگرافییە بووەتەهۆی دروستبوونی قەیرانی سیاسی، بەتایبەت لە پرسی خانەنشینی. بڕیارە لیژنەیەکی حکومی لە 30ی حوزەیراندا راسپاردەکانی بۆ چاکسازی لە سیستمی خانەنشینیدا بخاتەڕوو.
 
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، هەفتەی رابردوو بەهۆی لێدوانێکەوە کە گوتی "مووچەی خانەنشینیی دەوڵەت دەبێت تەنیا وەک دابینکردنی بژێوییەکی سەرەتایی تەماشا بکرێ"، رووبەڕووی رەخنەی تووندی سەندیکاکان و پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) بووەوە. دواتر مێرتس گوتی،  لە سەردەمی حکومەتەکەی ئەودا "هیچ بڕینێک لە مووچەی خانەنشینان" ناکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە