یۆنان و لیبیا پرسی کۆچبەران و ناکۆکییە دەریاییەکان لە تەرابلوس تاوتوێ دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی یۆنان و لیبیا لە تەرابلوس کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی کۆچبەران، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگەکانی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر گەیشتوونەتە کەناراوەکانی وڵاتە ئەورووپییەکە. 
 
گۆرگۆس گیرایپێتریتیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان لەگەڵ تاهیر باعور، هاوتا لیبییەکەی کۆبووەوە. وەزارەتی دەرەوەی لیبیا رایگەیاند، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی تێڕوانینێکی گشتگیر بۆ چارەسەری کێشەکان پێشکێش بکەن کە لەسەر بنەمای "لەئەستۆگرتنی بارگرانییەکان بە هاوبەشی" و هاوکاریی ئەمنی بێت.
 
کۆچبەران بەردەوام هەوڵدەدەن لە رێگەی دەریایەکی پڕ مەترسییەوە لە لیبیاوە بەرەو دوورگەی کریت-ی یۆنانی بپەڕنەوە، کە بە دەروازەیەکی سەرەکی بۆ گەیشتن بە یەکێتیی ئەورووپا دادەندرێت.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە کۆتایی مانگی ئاداردا 22 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا گیانیان لەدەستدا دوای ئەوەی لە لیبیاوە بەڕێکەوتبوون. هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەشدا، دەسەڵاتدارانی یۆنان رزگارکردنی زیاتر لە 300 کۆچبەریان لە ماوەی تەنیا دوو رۆژدا راگەیاند.
 
جگە لە پرسی کۆچبەران، هەردوو وەزیر باسیان لە ناکۆکییە کۆنەکانی نێوانیان کرد لەبارەی دیاریکردنی سنووری ناوچە ئابوورییە تایبەتەکانیان لە دەریای نێوەڕاست، کە پرسێکی ستراتیژی و گرنگە بۆ هەردوولا. لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی لیبیادا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە "بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەر و ئەرێنی لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان" کردووەتەوە.
 
پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و لیبیا لە ساڵی 2019 ئاڵۆزیی تێکەوت، کاتێک لیبیا رێککەوتنێکی دەریایی لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد؛ ئەسینا دەڵێت ئەو رێککەوتنە مافی دوورگەکانی یۆنان، بەتایبەتی دوورگەی کریت پشتگوێ دەخات.
 
لیبیا لە دوای ساڵی 2011 و رووخانی رژێمەکەی موعەممەر قەزافی، تاوەکو ئێستاش بەدەست ناسەقامگیری و ناکۆکییە نێوخۆییەکانەوە دەناڵێنێت. وڵاتەکە دابەشبووە بەسەر حکومەتی تەرابلوس لە رۆژئاوا (کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانپێدانراوە) و حکومەتەکەی رۆژهەڵات کە لەلایەن خەلیفە حەفتەرەوە پاڵپشتی دەکرێت.
 
وەزیری دەرەوەی یۆنان مانگی رابردووش لە بنغازی لەگەڵ خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی هێزەکانی نیشتمانیی لیبیا کۆبووەوە و پرسی کۆچبەرانی لەگەڵدا تاوتوێ کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز. وێنە: AFP

دەیان وڵات داوای کردنەوەی تەنگەی هورمز و پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی دەکەن

بە دەگمەن بەمشێوەیە پێکەوە دەردەکەون. دیپلۆماتکارانی دەیان وڵات رۆژی دووشەممە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە تاوەکو بە یەک دەنگ دژایەتی خۆیان بۆ قەیرانێک دەرببڕن کە بازاڕەکانی وزەی جیهانی هەژاندووە.