رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، باڵیۆزی ئێرانی لە لەندەن بانگهێشت کردووە، ئەوەش لە کاردانەوەی بڵاوکردنەوەی چەند پەیامێکی باڵیۆزخانەکە لە سۆشیاڵ میدیا.
رۆژی سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، هامیش فاڵکنەر، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە روونی بە باڵیۆزی ئێرانی راگەیاندووە کە دەبێت باڵیۆزخانەکە "کۆتایی بە هەر جۆرە پەیوەندی و پەیامێک بهێنێت کە وەک هاندان بۆ تووندوتیژی لە بەریتانیا یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکبدرێتەوە."
ئەم هەنگاوەی لەندەن دوای ئەوە دێت کە رۆژنامەی (دەیلی مەیڵ) لە راپۆرتێکدا گوتی، باڵیۆزخانەی ئێران لە رێگەی کەناڵی فەرمیی خۆی لە تێلیگرام، داوای لەو ئێرانییانە کردووە کە نیشتەجێی بەریتانیان، ناوی خۆیان بۆ بەرنامەیەکی مشتومڕاویی "شەهیدبوون" تۆماربکەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، باڵیۆزخانەی ئێران داوای لە "هاونیشتمانییە ئێرانییەکانی نیشتەجێی بەریتانیا" کردووە ناوی خۆیان لە دەستپێشخەرییەکدا بە ناوی (جان فیدا) تۆماربکەن.
گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەم دەستپێشخەرییە "هیچ جۆرە دووژمنکارییەک بڵاوناکاتەوە" و ئەو لێکدانەوانەی بۆی دەکرێت "بێ بنەمان."
ئەم گرژییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەفتەی رابردوو بەڵێنی دا کە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی "رێکخراوە تیرۆریستییەکان"، هەرچەندە تاوەکو ئێستا پڕۆژەیاساکە پێشکەشی پەرلەمان نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ