رووداو دیجیتاڵ
بە دەگمەن پێکەوە دەردەکەون. دیپلۆماتکارانی دەیان وڵات رۆژی دووشەممە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە تاوەکو بە یەک دەنگ دژایەتیی خۆیان بۆ قەیرانێک دەربڕن کە بازاڕەکانی وزەی جیهانی هەژاندووە.
عەبدولـلەتیف بن رەشید زەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین دەڵێت: "ئێمە دووپاتی پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ بڕیارنامەی 2817 دەکەینەوە کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دراوسێ ناوچەییەکانی شەرمەزار دەکات. داخستنی تەنگەی هورمز و بەردەوامیی هێرشەکان لە ناو گەرووەکەدا، هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و ماف و ئازادییەکانی دەریاوانی. هاتووچۆی ئازادانەی دەریاوانی لە رێگەی تەنگەکەوە بەردی بناخەی ئاسایش و خۆشگوزەرانیی جیهانییە."
دوای خوێندنەوەی راگەیێندراوە هاوبەشەکەیان، نوێنەرانی وڵاتان چوونە پشتی ئەو دیوارە بۆ نێوهۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی کراوە لەسەر تەنگەی هورمز. لەم مانگەدا، بەحرەین سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکات و سەرکردایەتیی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی گوشاری نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران دەکات.
پێشتر لەم مانگەدا، پشتیوانی لە پڕۆژەبڕیارێک کرا کە رێگەی بە بەکارهێنانی هێز دەدا بۆ هێشتنەوەی رێڕەوە ئاوییەکە بە کراوەیی، بەڵام رەشنووسەکە پەسند نەکرا، چونکە چین و رووسیا ڤیتۆیان کرد.
گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "دەبێت رێز لە ماف و ئازادییەکانی دەریاوانی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بگیرێت، وەک لە بڕیارنامەی 2817ی ئەم ئەنجوومەنەدا جەختی لێکراوەتەوە. پێویستە ئەم پرەنسیپانە بە تەواوی و بەبێ دواکەوتن پەیڕەو بکرێن. داوا لە لایەنەکان دەکەم: تەنگەکە بکەنەوە، رێگە بدەن کەشتییەکان تێپەڕ بن، بەبێ وەرگرتنی سەرانە و بەبێ جیاکاری؛ با بازرگانی دەستپێبکاتەوە."
لە دەرەوەی ئەم دیوارانە، دیارنییە ئەم یەکگرتووییە گەورەیە چی کاریگەرییەکی کردەیی دەبێت. رووسیا و چینیان هێشتا لەگەڵدا نییە. کاتێک نامۆ عەبدوڵڵا پرسی بۆچی، باڵیۆزی چین بەم جۆرە وەڵامی دایەوە:
فو کۆنگ، باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: "نەخێر لە راستیدا، ئێمە پێمان وایە ئەوەی لە هەمووی گرنگترە بەدیهێنانی ئاشتییە، ئەگەر ئاشتی زاڵ بێت، پێم وایە گەرووی هورمز دەکرێتەوە."
رووداو: چی بەسەر ئەو بڕیارنامەیە هات کە لەگەڵ رووسیا لەسەر تەنگەی هورمز کارتاند لەسەر دەکرد؟ ئایا هێشتا ماوە؟"
فو کۆنگ: "بەڵێ، هێشتا لەسەر مێزە."
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا روودەدەن کە واشنتن و تاران بە وریایی و گومانەوە گەڕاونەتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. لە پاکستان کۆبوونەوەیەکیان کردووە و ئاگربەست لە نێوانیان دروستبووە، دوای شەڕێک کە چەندین هەفتەی خایاند و هەزاران کەس تێیدا کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ