چارەنووسی 100 هەزار کوردی ئێزدیی دانیشتووی ئەڵمانیا لە مەترسیدایە

28-11-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
ئێزدییەکانی ئەڵمانیا لەژێر هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەدان
ئێزدییەکانی ئەڵمانیا لەژێر هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەدان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەڵمانیا کە وەک یەکەمین وڵاتی ئەورووپی دەرگای بەڕووی کوردانی ئێزدیدا کردەوە و کۆمەڵکوژییەکەیانی بە "جینۆساید" ناساند، ئێستا بووەتە مۆتەکە بۆ ژیان و داهاتوویان. بەهۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی کۆچبەریی ئەو وڵاتەدا، مەترسیی دیپۆرتکردنەوە لەسەر نزیکەی 100 هەزار پەناخوازی کوردی ئێزدی دروستبووە.
 
لە پرۆسەی بەزۆر گەڕاندنەوەی پەناخوازان دا، "دۆخی خێزانی لەبەرچاو نەگیراوە و لە چەندین حاڵەتدا خێزانەکان لێک دابڕێندراون؛ بەشێوەیەک ئەندامێکی خێزان مافی مانەوەی هەبووە و ئەوانی دیکە نێردراونەتەوە."
 
ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنیی شنگال و مانەوەی هەزاران ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، وایکردووە پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا (Die Grünen) پڕۆژەیاسایەک ئامادە بکەن بۆ راگرتنی پرۆسەی بەزۆر گەڕاندنەوەی کوردانی ئێزدی و داوای پێدانی مافی مانەوەیان بۆ دەکەن.
 
مارسێل ئیمریش، گوتەبێژی سیاسەتی ناوخۆی پارتی سەوزەکان لە لێدوانێکدا رەخنە لەو دووفاقییەی سیاسەتی ئەڵمانیا دەگرێت و دەڵێت: "ئەڵمانیا بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لە ئەستۆ گرت کاتێک لە بۆندستاگ کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند، بەڵام لێرە کەلێنێکی گەورە هەیە؛ ئایا ئێمە دەیانپارێزین؟ بەداخەوە دەبینین ئێزدییەکان دیپۆرت دەکرێنەوە."
 
سەبارەت بە نێوەڕۆکی پڕۆژەیاساکەیان، پەرلەمانتارەکەی سەوزەکان گوتی: "ئێمە نامانەوێت ئێزدییەکان دیپۆرت بکرێنەوە، پڕۆژەیەکمان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی مافی مانەوەی سێ ساڵیان پێبدرێت. لەم ماوەیەدا دەتوانن مەرجەکانی مانەوەی هەمیشەیی وەک فێربوونی زمان و دۆزینەوەی کار جێبەجێ بکەن. دەمانەوێت بە کردار نەک تەنیا بە قسە پشتیوانییان بکەین."
 
بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2023 دا تەنیا 53٪ی ئەو کوردە ئێزدییانەی داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە، داواکەیان قبووڵکراوە. هەر بۆیە پارتی سەوزەکان داوا لە هەردوو پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) و سۆسیال دیموکرات (SPD) دەکات دەنگ بە پڕۆژەکە بدەن.
 
لە بەرامبەردا، ساسکیا ئێسکن، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیمکراتەکان و ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا، وێڕای داننان بە مەترسییەکانی سەر ئێزدییەکان، بەڵێنێکی روونی بۆ دەنگدان بە پڕۆژەکە نەدا.
 
ئێسکن لە لێدوانێکدا گوتی: "فراکسیۆنی سەوزەکان دەیەوێت نیشتەجێبوونێکی مسۆگەر بۆ ئێزدییەکان دەستەبەر بکات. ئێمە لە حکومەت گفتوگۆی لەسەر دەکەین، بەڵام ناتوانم بەڵێن بدەم دەنگی پێ دەدەین یان نا."
 
سەرۆکی سۆسیال دیموکراتەکان جەختیشی کردەوە کە مەرجی سەرەکیی پاراستنی ئاسایشیانە، جا چ لە ئەڵمانیا بێت یان بە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانیان تاوەکو بتوانن بە ئازادانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
 
حکومەتی ئەڵمانیا هەرچەندە بەردەوام جەخت لە داکۆکی لە مافەکانی ئەم پێکهاتە ئاینییە دەکاتەوە، بەڵام بە پاساوی ئەوەی لە توانایدا نییە ئەو ژمارە زۆرەی پەناخواز وەربگرێت، بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی نوێی کۆچبەری و گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە