کەشتییەکی ئاسمانیی ئەمریکی و سەتەلایتێکی رووسی نزیک بووە پێکدا بدەن

29-02-2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کەشتییەکی ئاسمانیی ئەمریکی و سەتەلایتێکی لە کارکەوتووی رووسی لە بۆشایی ئاسمان زۆر نزیکبوونەتەوە لەوەی پێکدا بدەن، ئەوەش وای لە ناسا و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کرد بە وردی چاودێریی کەشتییە ئاسمانییەکەیان بکەن. 
 
رووداوەکە بەیانیی رۆژی چوارشەممە بەکاتی هەولێر روویداوە. دوو کەشتییە ئاسمانییەکە لە بەرزیی 608 کیلۆمەتر لە رووی زەوییەوە بە تەنیشتی یەکدیدا تێپەڕیون و 20 مەتریان مابوو پێکدا بدەن. 
 
کەشتییەکەی ناسا کە بە TIMED ناسراوە، کاری لێکۆڵینەوەیە لە چینی بەرگەی هەوای زەوی و خۆر. لە ساڵی 2001 ناسا کەشتییەکەی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە. 
 
سەتەلایتە رووسییەکەش کە سەربازییە، بە Cosmos 2221 ناسراوە و لە ساڵی 1992 بۆ بۆشایی ئاسمانی نێردراوە. 
 
کۆمپانیای لیۆلاب کە کاری دەستنیشانکردنی شوێنی سەتەلایت و تەنە ئاسمانییەکانە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت، لەبەر ئەوەی خێرایی کەشتییەکان 28 هەزار و 165 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا، نزیکبوونەوەیان بەو شێوەیە زۆر مەترسیدار بووە. 
 
هەردوو کەشتییە ئاسمانییەکە لە زەوییەوە ناتوانرێت ئاراستەکەیان بگۆڕدرێت، لەبەرئەوە کاربەدەستانی ناسا و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا تەنیا توانیویانە لە زەوییەوە چاودێری کەشتییەکە بکەن.
 
ناسا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەگەر پێکدادان لەنێوان دوو کەشتییەکەدا دروست ببووایە، ''رێژەیەکی زۆر پارچەی کەشتییەکان بە ئاسماندا بڵاودەبوونەوە.'' 
 
نیگەرانیی ناسا لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەو پارچانە ئەوەیە کە لە داهاتوودا کێشە بۆ کەشتییە ئاسمانییەکانی دیکە دروست دەکەن. تەنانەت مەترسی لەسەر ئەو وێستگە ئاسمانییەش دروست دەکرد کە بەردەوام حەوت کەشتیوانی تێدا دەمێننەوە.  
 
کۆمپانیای لیۆلاب دەڵێت، لە ئەگەر پێکدادانی دوو کەشتییەکەدا تاوەکو حەوت هەزار پارچە بڵاودەبوونەوە. 
 
بەپێی داتای ئەو کۆمپانیایانەی کە پارچەی کەشتی و رۆکێتی لەکارکەوتوو لە بۆشایی ئاسماندا دەست نیشان دەکەن، لە خولگەی نزمی زەویدا نزیکەی 12 هەزار پارچەی گەورە کە دەتوانرێت لە زەوییەوە چاودێری بکرێت، هەیە.
 
نیگەرانییەکان لەسەر هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە پارچە ئاسن و پاشماوەی کەشتی و رۆکێتی تێکشکاو لە بۆشایی ئاسماندا لە چەند ساڵی رابردوودا لە زیادبووندایە، بۆیە شارەزایانی بۆشایی ئاسمان داوای پاککردنەوەی دەکەن. 
 
تاوەکو ئێستا تەنیا دوو کەشتیی ئاسمانی لە بۆشایی ئاسماندا بەر یەککەوتوون. ئەوەش لە ساڵی 2009 بوو کاتێک کەشتیی ئیریدیۆم 33ی ئەمریکی و سەتەلایتێکی سەربازیی رووسی بەناوی Cosmos-2251 لە بەرزی 789 کیلۆمەتر لەسەر ئاسمانی ناوچەی سایبیریای رووسیا بەریەککەوتن. 
 
بەریەککەوتنەکە 1800 پارچەی 10 سانتیمەتری یان گەورەتری لە خولگەی نزمی زەویدا بڵاوکردەوە.
 
بەپێی لێکدانەوەکانی ئەوکاتی ناسا، هەندێک لە پارچەکان تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە لە بۆشایی ئاسماندا دەمێننەوە و ئەگەر ئەو بەشەی بۆشایی ئاسمان لە پارچەکان پاک نەکرێتەوە، ئەگەری پێکدادانی پارچەکان لەگەڵ کەشتیی ئاسمانیی دیکە لە داهاتوودا زیاتر دەبن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە