ناسا داوای خۆبەخش دەکات

29-02-2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ناسا ئامادەکاری بۆ ناردنی مرۆڤ بۆ سەر مەریخ دەکات. وەکو بەشێک لە ئامادەکارییەکانیشی، بنکەیەکی لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا دروستکردووە کە تێیدا ژینگەیەکی هاوشێوەی مەریخی دروست کردووە و بە دوای چەند کەسێک دا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ساڵێک لەو ژینگەیەدا بژین. 
 
ژینگەکە نزیکەی 158 مەتر دووجایە و بە پرینتەری 3D دروست کراوە. 
 
لە راگەیێندراوێکدا ناسا نووسیویەتی، ''خەڵکی مەریخمان پێویستە.'' مەرجی وەرگرتنی خۆبەخشەکانی ریزبەند کردووە و دەڵێت، ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بەشداری پرۆژەکە بن، پێویستە ئەم تایبەتمەندییانەیان تێدابێت: 
 
- هاووڵاتیی ئەمریکی یان دانیشتووی هەمیشەیی ئەو وڵاتە بن
- تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 55 ساڵدا بێت و کێشەی تەندروستییان نەبێت
- زمانی ئینگلیزی بەباشی بزانن بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان لەگەڵ سەنتەری کۆنترۆڵکردنی کارەکانی ناسا وەکو ئەوەی کە ئەوان لە مەریخ بن، جێبەجێبکەن. لە نێویشیاندا، ''کشتوکاڵکردن و کارکردن لەگەڵ رۆبۆت و کارکردن لە ژینگەیەکدا کە هێزی راکێشان تێیدا لاوازە."
 
راگەیێندراوەکەی ناسا دەڵێت، پڕۆژەکە بۆ ئەوەیە کە ''ئاژانسەکە زانیاریی کۆبکاتەوە بۆ ناردنی مرۆڤ بۆ سەر هەسارە سوورەکە.''
 
هەسارەی مەریخ بەهۆی هەبوونی رێژەیەکی زۆر لە ئۆکسایدی ئاسن، (کە لەنێو خەڵکدا بە ژەنگ ناسراوە) بە رەنگی سوور دەردەکەوێت. 
 
پڕۆژەکەی ناسا بۆ ماوەی 378 رۆژ بەردەوام دەبێت و ئەو کەسانەی کە هەڵدەبژێرێن دەبێت تەواوی کاتەکە لە پڕۆژەکەی ناسادا بەسەرببەن. هەروەها هەمان ئەو بەربەستانەی لەسەر مەریخ رووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە، لە پڕۆژەکەدا دووبارە دەکرێنەوە لەوانە، کەمیی سەرچاوە و تێکشکانی ئامێر و تاخیربوونی پەیوەندیی تەلەفۆنی و ئینتەرنێتی. 
 
سوزانا بێڵ، بەڕێوەبەری تاقیگەی تەندروستیی رەفتاری لە ناسا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە کە پڕۆژەکەی ناسا لەسەر زەوی لاسایی تەواوی بارودۆخی مەریخی تێدا دەکرێتەوە، ''هەموو جۆرە داتایەک لە پڕۆژەکە کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین مرۆڤ چۆن دەتوانێت لە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا بژی و گەشە بکات.''
 
مەریخ بەرگەهەوایەکی تەنکی هەیە کە بە زۆری لە دوانۆکسیدی کاربۆن دروست بووە و پلەی گەرمی بە شەوان بۆ 70 -80 پلەی ژێر سفر دادەبەزێت. بەهۆی نەبوونی بەرگەهەواییەکی ئەستوورەوە رێژەیەکی زۆر تیشکی زیانبەخشی خۆر دەگاتە سەر رووی مەریخ. 
 
هێزی راکێشانی مەریخ نزیکەی 38% ئەو هێزە راکێشانەیە کە مرۆڤ لەسەر زەوی هەستی پێ دەکات، مانەوە لە ژینگەیەک کە هێزی راکێشانی کەم بێت مرۆڤ رووبەڕووی چەندین کێشەی تەندروستی دەکاتەوە، لە نێویشیاندا کەمبوونەوەی چڕیی ئێسک و بارستایی ماسولکەکان. 
 
هەرچەندە ئاوی بەستوو لەسەر مەریخ دۆزراوەتەوە، بەڵام پەیداکردن و گونجاندنی ئاوی سەر مەریخ  بەبڕی پێویست بۆ ژیانی مرۆڤ هێشتا بەربەستێکی گەورەی ناردنی مرۆڤە بۆ سەر مەریخ. 
 
مەریخ هەروەها رووبەڕووی باهۆزی تۆز و خۆڵی زۆر دەبێتەوە و هەندێک جار باهۆزەکان بە هەفتە بەردەوام دەبن. ئەو باهۆزانە توانای بینین کەم دەکەنەوە و کاریگەریشیان لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبای پێویست لە رێگەی وزەی خۆرەوە دەبێت.
 
گەشتکردن و مانەوە لەسەر مەریخ مرۆڤ رووبەڕووی کێشەی سایکۆلۆژی وەکو هەستکردن بە تەنیایی و گیرخواردن لە شوێنێکدا و نەبوونی تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە. 
 
پەیوەندیی تەلەفۆنی و ناردنی نامەیەک لە زەوییەوە بۆ مەریخ لەنێوان پێنج بۆ 20 خولەکی پێ دەچێت. کاتێک کە مەریخ و زەوی لە نزیکترین خاڵدا دەبن، پەیوەندیی نێوان زەوی و مەریخ پێنج خولەکی پێ دەچێت، بەڵام لە دوورترین خاڵیاندا پەیوەندییەکان نزیکەی 20 خولەک یان زیاتری پێ دەچێت. 
 
پڕۆژەکەی ناسا هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەو بەربەستانەی رووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە لە کاتی ژیان لەسەر هەسارەیەکی دیکە و کاردانەوەی مرۆڤ بەرامبەر ئەو بەربەستانە لە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا. هەروەها هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی هەر کێشەیەکی دیکە کە رەنگە تائێستا ناسا پێی ئاشنا نەبووبێت و تەنیا لە کاتی ژیان لەسەر مەریخ دەربکەوێت. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە