رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووەوە و باسیان لە "گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان" کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و سێس مێڵتن، دۆن بەیکن، براد وێنسترەپ و ئەماتا کۆلمەن؛ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەشدار بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، کۆنگرێسمان بەیکن بە ناوی ئەندامانی کۆنگرێسەوە، "بەخێرهاتنی سەرۆکی حکومەتی کرد و وەک جەنگاوەر و خەباتکاتکارێکی رێگەی ئازادی ناساند و جەختی لە گرنگیی پاراستنیی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە."
لای خۆیەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی ئەمریکای کرد و ئاماژەی بە "گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدرالی هەرێمی کوردستان کردەوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، نانسی پیلۆسی "وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بۆ سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەمریکا"؛ گوتوویەتی: "رێز و پێزانینمان بۆ ئازایەتیی و قارەمانیێتی و خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان هەیە."
گۆنگرێسمان مۆڵتن دووپاتی کردەوە کە "بە هەموو شێوەیەک" لەگەڵ بەهێزبوونی هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ