هەواڵگریی ئەمریکا: پێناچێت پوتین فەرمانی کوشتنی ناڤالنی دابێت

29-04-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێن، ئاماژەکان دەریدەخەن رەنگە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی کوشتنی ئالێکسی ناڤالنی نەدابێت.
 
ئالێکسی ناڤالنی، کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی دیاری رووسیا لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لە گرتووخانەیەکی دوورەدەستی ناوچەیەکی باکووری رووسیا گیانی لەدەستدا؛ مردنی ناڤالنی دروست بەر لە ماوەیەکی کەم لە هەڵبژاردنەوەی پوتین بوو بۆ خولی پێنجەمی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە.
 
مردنی ناڤالنی میدیا و سۆشیالمیدیای رۆژئاوای پڕ لە کۆمێنتی دژ بە پوتین کرد و بەرپرسانی ئەمریکا و وڵاتانی ناتۆ بە دووریان نەزانی بە فەرمانی ئەو کوژرابێت.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئەو کاتە راستەوخۆ پوتینی بە دەرکردنی فەرمانی کوشتنی ناڤالنی تۆمەتبار نەکرد، بەڵام گوتی، "دواجار پوتین بەرپرسە لە کوژران یان گیانلەدەستدانی ناڤالنی، گومانی تێدا نییە گیانلەدەستدانی ناڤالنی لە ئەنجامی کارێك بووە کە پوتین و چەقۆوەشێنەکانی کردوویانە".
 
چەند بەرپرسێكی هەواڵگریی ئەمریکا کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت گوتوویانە، "هیچ ئاماژەیەک نییە ئەوە پیشان بدات، کە پوتین فەرمانی کوشتنی ناڤالنی دەرکردبێت."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە، گیانلەدەستدانی ناڤالنی لە کاتێكی زۆر هەستیاردا بووە، کە ئەویش هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی رووسیا بووە؛ بۆیە بە دووری دەزانن پوتین ریسکێکی لەو جۆرە بکات و لەو کاتە "ناسکە"دا فەرمانی کوشتنی کەسایەتییەکی سیاسی دیاری وڵات دەربکات، کە ئەگەری دەرهاویشتەی نەرێنی خراپی هەیە؛ بۆیە هەواڵگریی ئەمریکا بە دووری دەزانێت پوتین "هەڵەیەکی" لەو جۆرە بکات و پێشبینی دەکەن پوتین ئاگای لە مردنی ناڤالنی نەبووبێت.
 
بەرپرسانی رووسیا مردنی ناڤالنییان بۆ "هۆکاری سرووشتی" گەڕاندەوە و رەتیانکردەوە دەستیان لە کوشتن یان ژەهراویکردنی ئەودا هەبووبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.