بەریتانیا: ئەم ساڵ زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر نۆکەندی ئینگلیزیان بڕیوە

29-04-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە. ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی پار، نزیکەی 40٪ زیادیکردووە. 
 
رۆژی 27ـی نیسان، 247 کۆچبەر لە نۆکەندنی ئینگلیز پەڕینەوە و رۆژی 28ـی مانگیش، زیاتر لە 200 کەس لە نۆکەندەکەوە گەیشتنە بەریتانیا. وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش دەڵێت، ژمارەکە 10 هەزار کەسی تێپەڕاندووە. 
 
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، حکومەت "هاوئاهەنگییە نێودەوڵەتییەکان بەهێزتر دەکات و تواناکانمان بۆ دەستنیشانکردن و هەڵوەشاندنەوەی باندە تاوانکارییەکان بەهێزتر دەکات لە هەمان کاتدا ئاسایشی سنوورەکانمان بەهێزتر دەکەین."
 
لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی تەممووزدا، پارتی کرێکاران بەڵێنی "لەنێوبردنی" باندە قاچاخچییەکانی دا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2018ـەوە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەم لە نۆکەندەکە دەپەڕنەوە زیادیان کردووە. 
 
پڕۆژەیاسای ئاسایشی سنوور و پەنابەری کە ئێستا لە پەرلەمانی بەریتانیا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، پلانی پارتی کرێکارانە کە تێدا قاچاخچییەکان وەکو "تیرۆریست" دەناسێنێت. 
 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، "باندەکانی قاچاخیکردن بە خەڵک گرنگی بەوە نادەن ئەو کەسانەی کە دەیانپەڕێننەوە دەژین یان دەمرن، لەبەر ئەوە حکومەت پلانی جیددی بۆ تێکشاندنی ئەم تۆڕانە داناوە."
 
جگە لە پەڕینەوەی ئەو ژمارە کۆچبەرە بۆ بەریتانیا، پۆلیسی ئەو وڵاتە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە شکستی بە هەوڵی پێنج هەزار و 400 کۆچبەر هێناوە بە بەلەمی بچووک بگەنە ئەو وڵاتە.  
 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش دەڵێت، لەگەڵ فەرەنسا "بیر لە رێکاری تازە و داهێنەرانە دەکەنەوە بۆ ئەوەی تۆڕە تاوانکارییەکانی قاچاخچییەکان هەڵبووەشێننەوە."
 
پار زیاتر لە 36 هەزار و 800 کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندە بەریتانیا، واتە بەراورد بە 2023، ژمارەیان 25٪ زیادبوو. 
 
بەگوێرەی دەزگەکانی فەرەنسا، پار 78 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا، گیانیان لەدەستدا. 
 
بەریتانیا، بەلجیکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا کانوونی یەکەمی پار رێککەوتن، بۆ رێگری لە کۆچی نایاسایی، هاوئاهەنگیی نێوانیان بەهێز بکەن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP

ئۆکراینا: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە

بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.