راپۆرتی خەرجیی بەرگریی وڵاتان: عێراق پلەیەک چووەتە پێش و ئێران پاشەکشەی کردووە

29-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خەرجیی وڵاتانی جیهان بۆ بەهێزکردنی بەرگرییان ریکۆردی شکاندووە. بۆ یەکەمجار لە مێژوو هەموو جیهان زیاتر لە 2.7 تریلیۆن لە بەرگری، کڕینی چەک، مەشقپێدان و کاروباری سەربازی خەرجکراوە. 
 
رۆژی 28-04-2025 پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەکانی تایبەت بە ئاشتی (SIPRI) راپۆرتی خەرجیی بەرگریی وڵاتانی بڵاوکردەوە. 
 
بەپێی راپۆرتەکە: 
 
- خەرجیی بەرگریی لەسەر ئاستی جیهاندا لە ساڵی 2024ـدا 9.4٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 2.718 تریلیۆن دۆلار، ئەمە زۆرترین بڕی خەرجییە لە 10 ساڵی رابردوودا کە پەیمانگەکە ئامار کۆدەکاتەوە، تۆماری کردبێت. 
 
- خەرجیی بەرگریی پار 2.5٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی هەموو جیهانی پێکهێنا.
 
- ئەمریکا، چین، رووسیا، ئەڵمانیا و هیندستان لە پێنج وڵاتی یەکەمی لیستەکە دەبینرێن؛ خەرجیی هەر پێنجیان 60٪ـی تەواوی خەرجیی بەرگریی جیهانە.
 
- لە ساڵی 2024ـدا ئەمریکا 997 ملیار دۆلاری لە سوپا و بەرگرییەکەی خەرجکرد و چین 314 ملیار دۆلار. 
 
- خەرجیی رووسیا 38٪ زیادی کرد و گەیشتە 149 ملیار دۆلار، واتا 7.1٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆییەکەی.
 
- ئۆکراینا لە ساڵی 2024ـدا لە پلەی هەشتەمی خەرجیی بەرگری هات، خەرجییەکەی 2.9٪ زیادی کرد و بڕی 64.7 ملیار دۆلاری خەرجکرد، کە یەکسانە بە 34٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆییەکەی.
 
- خەرجیی بەرگریی ئەورووپا 17٪ زیادی کرد و گەیشتە 693 ملیار دۆلار، جگە لە ماڵتا، هەموو وڵاتانی ئەورووپا خەرجییەکەیان زیاد کرد.
 
- لە ساڵی 2024ـدا ئەندامانی ناتۆ 1.506 تریلیۆن دۆلاریان لە سوپاکانیان خەرجکرد و یەکسان بوو بە 55٪ـی کۆی خەرجیی بەرگریی جیهان. 
 
ئەندامانی ناتۆ لە ئەورووپا 454 ملیار دۆلاریان تەرخان کرد. لە 32 وڵات، 18ـیان توانیان 2٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆییان بۆ بەرگری تەرخان بکەن، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023ـدا تەنیا 11 وڵات توانیان بگەنە ئەو ئامانجە.
 
- لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سعودیە لە پلەی 7ـی لیستەکە دەبینرێت کە بەرزترینی نێو وڵاتانی ناوچەکەیە. تورکیا لە پلەی 17، ئێران لە 34 و عێراقیش لە پلەی 39 دەبینرێن. لە راپۆرتی ساڵی 2023ـدا ئێران لە پلەی 33 بوو واتا پلەیەک دابەزیوە و عێراقیش لە 40 بوو، پلەیەک هاتووەتە پێش.
 
خەرجیی بەرگریی ریکۆردی شکاند
 
لە ساڵی 2024ـدا هەموو وڵاتانی جیهان پێکەوە دوو تریلیۆن و 718 ملیار دۆلاریان لە بەرگری، کڕینی چەک و پاراستنی خۆیان خەرجکرد، 10 ساڵی لەسەر یەکە ژمارەکە لە بەرزبوونەوە و گەشەدایە. 
 
خەرجیی بەرگریی جیهان لە نێوان 2015 تاوەکو 2024 بە رێژەی 37٪ زیادی کردووە. جیاوازیی نێوان 2024 و 2023 بریتیبوو لە 9.4٪، لە ساڵی 1988ـەوە ئەمە زۆرترین رێژەی جیاوازیی بوو کە لە ساڵێکدا رووبدات. پار خەرجیی کڕینی چەک و بەرگریی 2.5٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆی هەموو جیهانی پێکهێنا. خەرجیی بەرگریی جیهان بۆ هەر تاکێک گەیشتە 334 دۆلاری ئەمریکی کە لە ساڵی 1990ـەوە ژمارەی ئەوها نەبینرابوو. 
 
بۆ دووەمین ساڵ لەسەریەک، خەرجیی بەرگری لە هەر پێنج ناوچەکەی جیهان بەرزبووەوە؛ واتا ئەفریقا، هەردوو کیشوەری ئەمریکا، ئاسیا و ئوستراڵیا، ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەو گەشە زۆرەش بەشێکی بەهۆی ئەوەوەیە کە لە ئەورووپا بودجەیەکی زیاتر بۆ سوپا تەرخان کرا، بەهۆی ئەو جەنگەی لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا هەیە. 
 
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پشێوی زۆرە و جەنگی غەززە هەیە. چەندین وڵاتی جیهان بەڵێنیاندا بودجەی زیاتر بۆ بەرگری، مەشق و کڕینی چەک تەرخان بکەن، ئەمەش وایکرد خەرجی بەرگریی زیاد بکات.
 
لیستی خەرجیی بەرگریی وڵاتان لە زۆرترین خەرجییەوە بۆ کەمترین بەمجۆرەیە:
 
1. ئەمریکا
2. چین
3. رووسیا
4. ئەڵمانیا
5. هیندستان
6. بەریتانیا
7. سعودیە
8. ئۆکراینا
9. فەرەنسا 
10. ژاپۆن
 
ئیسرائیل لە پلەی 12، تورکیا لە پلەی 17، ئێران 34 و عێراقیش لە پلەی 39ـدا دێن.
 
لە راپۆرتی 2023ـدا عێراق لە پلەی 40 بوو. عێراق لە ساڵی 2024ـدا بڕی 6.2 ملیار دۆلاری لە بەرگری خەرجکرد، خەرجییەکەی 4.4٪ بەراورد بە ساڵی 2023 زیاتر بوو. 
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو پارەیەی عێراق لە ساڵی 2015 لە بەرگری خەرجیکرد، 41٪ لە خەرجیی بەرگریی 2024 زیاتر بوو. لە ساڵی 2024ـدا عێراق 2.4٪ کۆی گشتیی بەرهەمیی نێوخۆییەکەی بۆ بەرگری تەرخانکرد کە یەکسانە بە 0.2٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆی هەموو جیهان. 
 
ئێران 7.9 ملیاری خەرجکرد و 10٪ بەراورد بە ساڵی 2023 کەمتر بوو. خەرجیی 2024ـی ئێران 21٪ بەراورد بە خەرجیی ساڵی 2015 زیاتر بوو. ئێران 2٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆی وڵاتەکەی بۆ بەرگری تەرخان کرد.
 
تورکیا 25 ملیار دۆلاری لە بەرگری خەرجکرد و 12٪ بەراورد بە 2023 زیاتر بوو. خەرجییەکەی تورکیا 110٪ بەراورد بە ساڵی 2015 زیاتر بوو. خەرجیی بەرگریی تورکیا 1.9٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی وڵاتەکە بوو کە یەکسانە بە 1٪ـی کۆی گشتیی بەرهەمی نێوخۆیی جیهان.
 
ئەمریکا هەر یەکەمە
 
هەرچەندە شەڕ و ئاژاوە لە 2024 زۆر شوێنی گرتەوە، بەڵام پارەی زۆر تەنیا لەلایەن چەند وڵاتێکی کەمەوە خەرجکرا. 
 
ئەمریکا و چین بەتەنیا نزیکەی نیوەی خەرجیی بەرگریی هەموو جیهانیان هەبووە. 15 وڵاتی یەکەمی لیستەکە پێکەوە 80٪ـی تەواوی خەرجیی بەرگریی جیهان پێکدەهێنن، کە یەکسان بوو بە 2.185 تریلیۆن دۆلار. زۆرترین گۆڕانکاری لە نێوان 2023 و 2024 لە ئیسرائیل و رووسیا بینرا. لە ساڵی 2024 ئیسرائیل 65٪ زیاتر و رووسیاش 38٪ـی زیاتر لە 2023 پارەیان لە بەرگری خەرج کردووە.
 
ئەمریکا 997 ملیاری خەرجکرد کە 5.7٪ زیاتر بوو لە خەرجییەکەی 2023 و 19٪ زیاتر لە 2015. بودجەی بەرگریی ئەمریکا 3.2 جار لە بودجەی چین زیاتر بوو. ئەمریکا بە تەنیا 37٪ـی خەرجیی جیهان و 66٪ـی ناتۆی خەرجکرد.
 
89٪ـی خەرجیی ئەمریکا بۆ وەزارەتی بەرگری و 11٪ـیش بۆ کاروباری سەربازی لە وەزارەتەکانی دەرەوە، وزە و پرۆگرامی هەواڵگریی نیشتمانی رۆیشت.
 
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست 243 ملیار دۆلار خەرجکرا کە 15٪ لە 2023 و 19٪ لە 2015 زیاتر بوو.
 
ریزبەندییەکە بەم شێوەیەیە:
 
- سعودیە: لە ناوچەکە پلەی یەکەمە و 80.3 ملیار دۆلاری خەرجکرد.
 
- ئیسرائیل: جیاوازیی خەرجیی 2023 و 2024ـی ئیسرائیل 65٪ بوو، وڵاتەکە 46.5 ملیار دۆلاری خەرجکرد، ئەمەش بەهۆی جەنگی غەززەوە. لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو، ئیسرائیل بە بڕی 135٪ خەرجیی بەرگری زیادکردووە. لە دوای ئۆکراینا، ئیسرائیل زۆرترین بارقورسی بودجەی بۆ کاروباری سەربازییە و 8.8٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆییەکەی بۆ ئەو مەبەستەیە. تەنیا لە مانگی 12ـی 2024ـدا ئیسرائیل 5.7 ملیار دۆلاری لە سوپا خەرجکرد.
 
- لوبنان: خەرجییەکەی 58٪ زیادی کرد، 635 ملیار دۆلاری تەرخان کرد و رووبەڕووی ئیسرائیل بووەوە. 
 
- ئێران: بەهۆی هەڵاوسانی زۆر و سزاکانی ئەمریکاوە خەرجییەکەی کەمی کرد. "ئەم سزایانە بوونە هۆی پەکخستنی و سستبوونی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی و پشتیوانییەکانی لە گرووپەکانی دژە ئیسرائیل."
 
ئەورووپا
 
لە ساڵی 2024 ئەورووپا 693 ملیار دۆلاری خەرجکرد، 17٪ زیاتر لە 2023 و 8.3٪ زیاترە لە 2015. هۆکارە سەرەکییەکە جەنگی ئۆکراینا بوو.
 
- نێوەڕاست و رۆژئاوای ئەورووپا: 472 ملیاریان خەرجکرد.
 
- بەریتانیا: 81.8 ملیار دۆلاری خەرجکرد کە یەکسان بوو بە 2.3٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆییەکەی. بەریتانیا پلانی داناوە تاوەکو 2027 بتوانێت 2.5٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆییەکەی بۆ بەرگری تەرخان بکات. لەندەن لە ساڵی 2024ـدا 3.3 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری بە ئۆکراینا بەخشی.
 
- فەرەنسا: 64.7 ملیاری خەرجکرد واتا6.1٪ زیاتر بەراورد بە 2023. فەرەنسا بەگوێرەی ئەو پلانە دەڕوات کە بۆ بەرگریی 2024-2030 دایناوە.
 
- ئۆکراینا: 64.7 ملیار دۆلاری خەرجکرد کە یەکسانە بە 54٪ـی تەواوی بودجەی ئۆکراینا. خەرجیی سەربازی 34٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئۆکراینای پێکهێنا کە بەرزترینە لە جیهان. هەموو ئەو باجەی لە ئۆکراینا وەرگیرا بۆ بەرگری رۆیشت و خزمەتگوزارییەکانی دیکە لە رێگەی هاوکارییەکانەوە دابین دەکران. ئۆکراینا لە ساڵی 2024ـدا بڕی 60 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری وەرگرت. ئەگەر ئەو هاوکارییەش هەژمار بکرێت، ئۆکراینا 125 ملیار دۆلاری لە بەرگری خەرجکردووە، ئەمەش دەیخاتە پلەی چوارەمی لیستەکە. 
 
خەرجیی بەرگری و کۆی بەرهەمی نێوخۆیی
 
ئەو وڵاتانەی خەرجیی بەرگرییان بەشێکی زۆری لە کۆی بەرهەمی نێوخۆیی (GDP) برد بەمجۆرە بوون:
 
1. ئۆکراینا 34٪
2. ئیسرائیل 8.8٪
3. جەزائیر 8٪
4. سعودیە 7.3٪
5. رووسیا 7.1٪
6. میانمار 6.8٪
7. عومان 5.6٪
8. ئەرمینیا 5.5٪
9. ئازەربایجان 5٪
10. کوێت 4.8٪
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت