ئەمریکا: لە نێوەڕاستی مانگی ئادارەوە زیاتر لە هەزار ئامانجمان لە یەمەن پێکاوە

29-04-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لە نێوەڕاستی مانگی ئادارەوە زیاتر لە هەزار ئامانجیان لە یەمەن پێکاوە.
 
رۆژی سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هێرشەکانی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) زیاتر لە هەزار ئامانجی پێکاوە، چەکداران و سەکردەی حووسییەکانی کوشتووە و تواناکانیانی لاواز کردووە."
 
سێنتکۆم رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە نێوەڕاستی مانگی ئادارەوە زیاتر لە 800 ئامانجیان لە یەمەن پێکاوە و گوتیشی، سەتان چەکداری حووسییەکانیان کوشتووە. 
 
بە گوتەی سێنتکۆم، "هێرشەکان چەندین ناوەندی فەرماندەیی، سیستمی بەرگریی ئاسمانی، کارگەی پێشکەوتووی دروستکردنی چەک و کۆگای چەکی پێشکەوتوویان لەنێوبردووە."
 
چەند کاژێرێک دوای راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، میدیای حووسییەکان رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا نێوەندێکی دەستبەسەرکردنی کۆچبەرانی لە شاری سەعدە کردووەتە ئامانج و لانیکەم 68 کەس کوژراون. 
 
دواتریش نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی پشتراستکردەوە کە کوژراوەکان کۆچبەر بوون. 
 
هێزەکانی ئەمریکا لە 15ـی ئادارەوە بە شێوەیەکی نیمچە رۆژانە هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان، ئەوەش بە گوتەی خۆیان، وەکو هەوڵێک بۆئەوەی گرووپە یەمەنییەکە ناچار بکەن دەست لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و کەشتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن هەڵگرن.
 
سەرەڕای هێرشەکان، حووسییەکان، کە بەشێکی زۆری یەمەنیان کۆنترۆڵ کردووە، لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییەکان بەردەوام بوون.
 
سێنتکۆم دەڵێت: "لە کاتێکدا حوسییەکان بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانمان، ئۆپەراسیۆنەکانمان خێرایی و کاریگەریی هێرشەکانی کەمکردوونەتەوە. هەڵدانی مووشەکی بالیستی بە رێژەی 69% دابەزیوە. لەگەڵ ئەوەشدا هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکرا بە رێژەی 55% کەمی کردووە."
 
حووسییەکان لە کۆتایی ساڵی 2023 دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان کرد، ئەوەش بە گوتەی خۆیان، وەک پشتیوانییەک بۆ غەززە کە لە ژێر هێرشەکانی ئیسرائیلدا وێران بووە و زیاتر لە 52 هەزار کەس لە سەرەتای جەنگەوە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە کوژراون. 
 
هێرشی حووسییەکان بوونەتە رێگر لە بەردەم تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە کەناڵی سوێسدا، کە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانییە و لە دۆخێکی ئاساییدا نزیکەی 12%ـی هاتوچۆی کەشتییەکانی جیهان بەو کەناڵەدا دەکرێت، ئەمەش زۆر کۆمپانیای ناچار کردووە بۆ گواستنەوەی کاڵاکانیان، بە تێچووی یەکجار زۆرەوە، رێگەی دوورتر بگرنە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت