رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی جیهانیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی، لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کرد، ئەڵمانیا لە ماوەی ساڵێکدا خەرجییە سەربازییەکانی زیاد کردووە و پلەی چوارەمی لە ریزبەندیی جیهاندا گرتووە. بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی بەرگری بە گوتەی توێژەری راپۆرتەکە "چاوەڕواننەکراو" بووە.
راپۆرتی ساڵانەی دامەزراوەی جیهانیی ستۆکهۆڵم، ئەمڕۆ 28ـی نیسان ئاشکرای کرد، لە 2024ـدا خەرجییە سەربازییەکان لە سەرانسەری وڵاتانی جیهان زیاد بووە.
زۆرترین خەرجیی سەربازی لە ماوەی 36 ساڵدا
لە ساڵی 2024دا، خەرجییە سەربازییەکان لە جیهان گەیشتنە 2.7 تریلیۆن دۆلار. شیاو لیانگ توێژەری بەرنامە خەرجییە سەربازییەکان و بەرهەمهێنانی چەک بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "ئەمە دەبێتە بەرزترین ئاست دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد لە ساڵی 1989دا.
لە ریزبەندی SIPRI دا ئەڵمانیا بووە چوارەمی جیهان لە دابینکردنی بودجەی بەرگریدا، لە ساڵی 2023دا لە ریزبەندی حەوتەم دا بوو. بەپێی SIPRI هەموو وڵاتانی ئەورووپی، جگە لە ماڵتا، خەرجییە سەربازییەکانیان زیاد کردووە.
راپۆرتی ئاشتی: ئەڵمانیا بەرگری لە ئەورووپا دەکات
لە ئاستی ئەورووپادا، ئەڵمانیا لە 2024 سوپای خۆی بەهێزتر کردووە و 28٪ـی بودجەی بۆ بەرگری خەرج کردووە. بەپێی ئاماری SIPRI خەرجییەکانی سەربازی ئەڵمانیا 88.5 ملیار دۆلار بووە. لە ساڵی 2023 بۆ 2024 لە ریزی حەوتەمەوە سەرکەوت بۆ چوارەم و هیندستانی تێپەڕاند.
لە ساڵی 2024دا ئەڵمانیا 1.9٪ـی داهاتی خۆی بۆ خەرجیی سەربازی تەرخان کرد، ئەمە لەکاتێکدایە کە ناتۆ 2٪ـی دیاریکردووە و نابێ لەو رێژەیە تێپەڕێت.
لیانگ دەڵێت: "ئەڵمانیا نەک تەنیا تواناکانی خۆی لە بەرگریدا فراوانتر دەکات، بەڵکو زیاتر رۆڵێکی سەرکردایەتی لە بەرگریی ئەورووپادا دەگێڕێت."
"بەرگریی ئەڵمانیا پێویستی بە چاکسازییە"
چاکسازییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا، بەشێکن لە پلانەکانی حکومەتی داهاتوو کە پێکهاتووە لە کریستیان دیموکراتەکان و سۆسیال دیموکراتەکان.
حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا لە رێککەوتننامەی خۆی بۆ کابینەی داهاتوو گوتوویەتی: "بۆ یەکەمجار، دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم، پێویستە ئەڵمانیا و ئەورووپا ئاسایشی خۆیان بە شێوازێکی بەرفراوانتر دابین بکەن."
ئەمەش لە راپۆرتی دامەزراوەی جیهانیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەکانی ئاشتی دەردەکەوێت. شیاو لیانگ، توێژەری دامەزراوەکە، ئاماژەی بەوە کرد: "بۆ یەکەمجار دوای یەکبوون، ئەڵمانیا بووە گەورەترین خەرجکەر لە نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەورووپا."
ئەڵمانیا چەک دەداتە ئوکراینا
لە 2022ـەوە، ئەڵمانیا یەکێکە لە پشتگیرە سەرەکییەکانی ئوکراینا. حکومەتی ئەڵمانیا لە ئامارەکانی دواییدا ئاشکرای کرد، بە بڕی 28 ملیار یۆرۆ یارمەتی سەربازی و بەرگری پێشکێشی ئوکراینا کردووە و دەکات.
ئەڵمانیا بە دوو رێگە یارمەتیی سەربازی دەداتە ئوکراینا، یەکێکیان یارمەتی داراییە کە بەهۆیەوە چەک و کەرەستەی دیکە دابین دەکرێت. ئەوی دیکەیان پێشکێشکردنی کەلوپەلە لە کۆگەکانی سوپای ئەڵمانیاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ