ژاپۆن دەڵێ کۆریای باکوور مانگی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات

29-05-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژاپۆن هۆشداری دەدات کە کۆریای باکوور ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکێکی بالیستی دەکات. ئەوە لەکاتێکدایە، بە گوتەی بەرپرسانی ژاپۆن، پیۆنگیانگ پێی گوتوون، مووشەکەکە بۆ هەڵدانی مانگی دەستکردە.
 
رۆژی دووشەممە 29-5-2023، گوتەبێژێکی پاسەوانی دەریایی ژاپۆن رایگەیاند، کۆریای باکوور ئاگاداریکردوونەتەوە کە لە نێوان 31ـی ئایاری ئەمساڵ تاوەکو 11ـی تەمموز مووشەکێک هەڵدەدرێت و پاشماوەکەی لە دەریادا دەکەوێتە خوارەوە.
 
بەڵام نووسینگەی فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن دەڵێت، کیشیدا "هۆشداری لەبارەی ئاگادارکردنەوەکەی کۆریای باکوور" داوە کە پیۆنگیانگ پێی راگەیاندوون، بۆ هەڵدانی مانگی دەستکردە.
 
کیشیدا داوای لە بەرپرسانی هەواڵگری کردووە زانیاری ورد لەسەر ئەو مووشەکە کۆبکەنەوە و لە نزیکەوە چاودێری هەڵدانی بکەن. بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئەمریکاش لە نزیکەوە بە هاوئاهەنگی ژاپۆن چاودێری هەڵدانی "مووشەکەکە" دەکەن.
 
وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن داوای لە هێزی ئاسمانیی سوپای وڵاتەکەی کردووە لە ئامادەباشیدا بن بۆ خستنەخوارەوەی هەر مووشەکێک کە بەرەو خاکی ژاپۆن بڕوات. لە ئەگەرێکی هاوشێوەدا سوپا مووشەکی SM-3 و پاتریۆتی PAC-3 بۆ خستنەخوارەوەی بەکاردەهێنێت.
 
کیشیدا دەڵێت، "ئەگەر مانگی دەستکردیش بێت، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای مووشەکی بالیستی دەبێتە پێشێلکاریی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و کێشەیەکی گەورەیە کە هەڕەشە لە سەلامەتی خەڵک دەکات".
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆریای باکوور تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی چڕکردوونەتەوە.
 
ژاپۆن و کۆریای باشووریش لە پەیوەندی بەردەوامدان تاوەکو بەیەکەوە چاودێری هەڕەشە سەربازییەکانی کۆریای باکوور لە نیمچە دوورگەی کۆریا بکەن.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، میدیای فەرمی پیۆنگیانگ راگەیێنراوێکی پاک سانگ گیل، وەزیری دەرەوەی کۆریای باکووری بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، "ئەگەر ژاپۆن لە بەندی رابردوو دەربچێت و حەز لە رێگەیەک بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان بکات، ئەوا هیچ هۆکارێک بۆ کۆماری کۆریای باکوور و ژاپۆن نییە کۆنەبنەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە