رووداو دیجیتاڵ
سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە عێراقییەی لە سوێد قورئانی سووتاند دەڵێت، هەفتەی داهاتوو سکاڵا لەسەر چوار عێراقی تۆماردەکات لەنێویاندا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و عەلی سیستانی، رێبەری باڵای شیعەکان. دەشڵێت، "دوای 10 رۆژی دیکە لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق قورئان و ئاڵای عێراق دەسووتێنم، ئێوە بە هەزار ساڵیش ناتوانن بگەن بەمن."
کاژێر 11ـی شەوی پێنجشەممە، 29-6-2023، سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە 37 ساڵانەی رۆژی چوارشەممە، 28ـی ئەم مانگە و لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان قورئانی پیرۆزی سووتاند، لە لایڤێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نزیکەی 20 خولەک قسەی کرد و وەڵامی بەشێک لە کۆمێتنەکانی دایەوە.
سەلوان هێرشی تووندی کردە سەر هەریەکە لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و حەنان فەتلاوی، پەرلەمانتاری عێراق و بە "نەخوێندەوار" ناوی بردن و گوتی، "هەفتەی داهاتوو سکاڵا لەسەر موقتەدا سەدر و فایەق زێدان دەکەم، چونکە موقتەدا سەدر هانی کوشتنی داوم، هەروەها دژی فایەق زێدان و حەنان فەتلاویش سکاڵا دەکەم، دژی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا، بۆ ئەوەی هەرکاتێک ئەوانە هاتنە سوێد یەکسەر دەستگیربکرێن."
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رووداوەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگکرد و نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی پێدا بەهۆی مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئان لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە.
هەڵوێستەکەی سەلوان، لە عێراق و وڵاتانی دیکەش کاردانەوەی تووندی بەدواداهات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوێد بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینییەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپێشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا و بەڵێنیشیان داوە رۆژی شەممە لەسەر داوای موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی ،سەدر خۆپێشاندانی ملیۆنی بکەن.
ئەو پەنابەرە عێراقییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە لایڤەکەیدا لە فەیسبووک گوتیشی، "هەفتەی داهاتوو داوایەک پێشکێش دەکەم بۆ ئەوەی قورئان و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق بسووتێنم."
لەبارەی هەڕەشەکانی کوشتنیشی گوتی، "بە هەزار ساڵی دیکە ناگەن بەمن، هەڕەشەکانتان سەگەکەشم ناترسێنێت، فایەق زێدان تۆ یاسای نێودەوڵەتیت نەخوێندووەتەوە؟ هەموو بەرپرسانی عێراقی وەکو فایەق زێدانن و وا دەزانێت بە بەرپرسی ئاسایشی موسڵ دەڵێت: سەلوانم بۆ بهێنە، ئەوە چۆن دەبێت؟ شتێک هەیە ناوی یاسای نێودەوڵەتییە خۆ ئەوە عێراق نییە من رادەست بکاتەوە."
سەلوان لە لایڤەکەیدا هێرشی تووند دەکاتە سەر ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێوەی و بە هۆکاری تێکدانی عێراقیان دەزانێت و دەڵێت، "ئێران هەموو شتێکتان دەبات و ناتوانن قسە بکەن، پارە و نەوت و هەمووشتێکتان لێ دەبات، بەڵام قسە ناکەن، چونکە ئێوە گەلێکی هیچن."
لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی خۆپێشاندەران بۆسەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا، سەلوان گوتی، "عێراق یاسای تێدانییە و حکومەتی ئێستای عێراق حکومەتێکە لەلایەن میلیشیاکانەوە پێکهێنراوە و چییان بوێ دەیکەن و دەشکێنن و تێکدەدەن و وێرانی دەکەن، باوەڕبکەن سوودان زۆر لە عێراق باشترە."
لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی بانگەشەکان بۆ بایکۆتکردنی بەرهەمەکانی سوێد دەڵێت، "بایکۆت بکەن، ئێوە چیتان هەیە بەرهەمی بهێنن؟ ئێوە تەنیا میزی حوشترتان هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ