لە رووداوێکی تەقەکردن دا لە نیویۆرک چوار کەس کوژران؛ یەکێکیان پۆلیسە

29-07-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا، ئەفسەرێکی پۆلیس و سێ کەسی سڤیل لە رووداوێکی تەقەکردن دا لە باڵەخانەیەکی مەنهاتن کوژران. تۆمەتباری هێرشەکە، شەین دی. تامورای تەمەن 27 ساڵانە؛ دوای هێرشەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
 
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، بەکاتی نیویۆرک بووە. یەک هێرشکار لە رووداوەکەوە تێوەگلاوە.
 
گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری دەریدەخەن کە تامورا کەمێک پێش کاژێر 6:30ی ئێوارە، لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری BMWی رەش لەسەر شەقامی پارک ئاڤینۆ لە نزیک شەقامی 51ی مەنهاتن دادەبەزێت، کە چەکێکی جۆری M4ی پێبووە. ناوبراو دەچێتە ناو تاوەرە 44 نهۆمییەکەی ژمارە 345ی پارک ئاڤینۆ و دەستبەجێ تەقە لە ئەفسەرێکی پۆلیسی نیویۆرک، دیدارول ئیسلام، تەمەن 36 ساڵان دەکات، کە ئەرکی پاراستنی تایبەتی لەناو باڵەخانەکەدا لە ئەستۆ بووە.

 

 
ئەفسەر ئیسلام، کە ماوەی چوار ساڵ بوو لە پۆلیسی نیویۆرک خزمەتی دەکرد و سەر بە بنکەی 47ی پۆلیسی برۆنکس بوو، لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا. ناوبراو هاوسەرێکی دووگیان و دوو کوڕی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.
 
ئێریک ئادەمز، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک، رایگەیاند: "ئەفسەر ئیسلام ئەو کارەی دەکرد کە تێیدا باشترین بوو، کە بریتی بوو لە پاراستنی نیویۆرکییەکان،" و هێرشەکەی بە "کردەوەیەکی تووندوتیژ و قێزەونی شەڕانگێز" ناوبرد.
 
دوای کوشتنی ئەفسەرەکە، تامورا بەردەوام بووە لە تەقەکردن لەناو لۆبی باڵەخانەکەدا و دوو پیاو و ژنێکی کوشتووە و پیاوێکی دیکەشی بە سەختی بریندار کردووە. پاشان بە ئاسانسۆر چووەتە نهۆمی 33 و لەوێش تەقەی لە قوربانییەکی دیکە کردووە، پێش ئەوەی بە هەمان چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت.
 
پۆلیس دەستی بەسەر چەندین چەکی دیکە، تەقەمەنی و دەرماندا گرتووە لەناو ئۆتۆمبێلەکەی تامورادا. بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو بە ئۆتۆمبێلەکەی لەوبەری وڵاتەوە گەیشتووەتە نیویۆرک و پێشینەی نەخۆشیی دەروونی هەبووە، هەرچەندە پاڵنەری هێرشەکە هێشتا روون نییە.
 
لێکۆڵەران لە هۆکاری بەئامانگرتنی باڵەخانەی ژمارە 345ی پارک ئاڤینۆ دەکۆڵنەوە، کە بارەگای چەندین کۆمپانیای ناسراوی تێدایە.
 
پاتریک هێندری، سەرۆکی کۆمەڵەی خێرخوازیی پۆلیس، گوتی: "ئەمە شەوێکی کارەساتبارە بۆ شارەکەمان. شەڕانگێزیی پەتی هاتە دڵی شارەکەمانەوە."
 
کاسی هۆکڵ، پارێزگاری نیویۆرک و بەرپرسانی باڵای شارەکە سەرەخۆشیی خۆیان دەربڕیوە، هاوکات پۆلیسی نیویۆرک دڵنیایی داوە کە هیچ هەڕەشەیەکی بەردەوام لە ئارادا نییە و لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی رووداوەکەوە دەستیپێکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە