رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی پاکستان رایدەگەیێنێت، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەوە بۆ هەزار و 61 کەس بەرزبووەتەوە. چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارەکە بەرزتربێتەوە.
بارانی بەخوڕ لە بەشێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە هێشتا بەردەوامە و تیمەکانی فریاکەوتنیش هێشتا لە هەوڵی ئەوەدان بگەنە ئەو گوندانەی لەنێو چیاکانی باکووری وڵاتەکە بەر لافاوەکە کەوتوون. بۆیەش بەرپرسانی وڵاتەکە پێشبینی ئەوە دەکەن ژمارەی قوربانییەکان زیاتر بێت.
رۆژی یەکشەممە 28ـی ئابی 2022، بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەدانی کارەساتی سرووشتیی پاکستان دوایین ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوی چەند رۆژی رابردوو بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئەو ئامارە، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە هەزار و 61 کەس و تەنیا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، لانیکەم 28 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.
بارانی وەرزیی لە پاکستان، سەرچاوەی سەرەکی پڕکردنەوەی بەنداوەکان، دەریاچەکان و ئاودانی دەخڵودانەکانە، بەڵام ساڵانەش کارەساتی سرووشتی لێدەکەوێتەوە.
بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، تەنیا لەمساڵدا کارەساتی سرووشتی، لەنێویدا لافاو و رۆچوونی زەوی، زیانی بە لانیکەم 33 ملیۆن کەس لە پاکستان گەیاندووە. واتا لە هەر حەوت کەسێک لەو وڵاتە کەسێک کەوتووەتە بەر کاریگەریی رووداوی سرووشتی. هاوکات زیانی بە نزیکەی یەک ملیۆن ماڵیش گەیاندووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وڵاتەکە، بەهۆی لافاوەوە لانیکەم 800 هەزار هێکتار لە زەویی کشتوکاڵیی وڵاتەکە زیانیان بەرکەوتووە، سێ هەزار و 457 کیلۆمەتری رێگەوبانەکان رۆچوون و 149 پردیش رووخاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ