بۆیاخێکی نوێ دەتوانێت خانوو و باڵەخانەکان سارد و گەرمبکاتەوە و تێچووی وزە کەمبکاتەوە

29-08-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن بۆیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زانایانی زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی بۆیاخێکی نوێیان دروستکردووە کە دەتوانێت لە زستاندا ماڵەکان گەرم و لە هاوینیشدا ساردی بکاتەوە، تێچووی وزە و دەردانی کاربۆنیش کەمبکاتەوە. 
 
لە تاقیکردنەوەی بۆیاخەکەدا دەرکەوتووە، وزەی پێویست بۆ گەرمکردنەوە بەڕێژەی 36٪ و بۆ سارکردنەوەش 21٪ کەمدەکاتەوە، واتە خەڵک لە وەرزەکانی سەرما و گەرما، کەمتر پێویستیان بە گاز و کارەبا دەبێت.
 
ئەم بۆیاخە بە دەروازەیەکی گرنگ بۆ رزگاربوون لە گەرما و سەرمای لەڕادەبەر دادەنرێت، لەکاتێکدا کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە زەوی بە تەواوی دەرکەوتووە.
 
بۆیاخەکە بە چەندین رەنگ بەردەست دەبێت و دەتوانێت 80٪ـی تیشکی خوارووسووری هەتاو پێچەوانە بکاتەوە، واتە توانای بۆیاخەکە بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەو تیشکە کە لە هاویندا دەبێتە هۆی گەرمبوونی خانوو و باڵەخانەکان، 10 جار لە بۆیاخەکانی دیکە زیاترە. 
 
بەڵام ئایا ئەوە لە زستاندا نابێتە هۆی ساردتربوونی ماڵەکان؟ داهێنەرانی بۆیاخەکە دەڵێن: نەخێر. چونکە، بە گوتەی خۆیان، ئەگەر لە رووکاری دەرەوەی خانوو و باڵەخانەکان بدرێت، ئەوا گەرماکە بۆ دەرەوە پێچەوانە دەکاتەوە، کە ئەوە بۆ هاوین سوودی دەبێت، ئەگەر لە دیواری نێوەوەی ماڵەکانیش بدرێت، ئەوا گەرماکە لە ژوورەوە دەهێڵێتەوە و وا دەکات بە زستان کەمتر پێویست بە سۆپا و ئامێرەکانی دیکە بێت. 
 
زانایانی ستانفۆرد ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم بۆیاخە نوێیە "چوار وەرزی ساڵ دەبێتە چارەسەرێک بۆ پاراستنی وزە" و، دەتوانرێت لە کەشوهەوای جۆراوجۆردا بەکاربهێنرێت. 
 
کەمکردنەوەی وزەی پێویست بۆ گەرمکردن بە رێژەی 36٪ و بۆ فێنککردنەوە بە رێژەی 21٪ بۆ گەرمکردنەوە، بە واتەی ئەوە دێت کە کۆی گشتیی ئەو وزەیەی هەر باڵەخانە یان خانووێک بەکاریدەبات (بۆ مەبەستی گەرمکردنەوە، ساردکرنەوە، رووناککردنەوە، کارپێکردنی ئامێرە کارەباییەکان، چێشتلێنان و هتد)، بە رێژەی 7.4٪ کەمدەبێتەوە، کە ئەوەش بڕێکی کەم نییە، چونکە لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا، 40٪ـی وزەی بەکاربردراوی وڵاتەکە لە خانوو و باڵەخانەکان خەرجدەکرێت، کە بەشی هەرە زۆری لە گەرمکردن و فێنککردنەوەدا بەکاردەبردرێت. 
 
جیهانێکی گەرمبوو
 
یی سویی، پرۆفیسۆری بواری زانست و ئەندازیاری ماددە لە زانکۆی ستانفۆرد و نووسەری سەرپەرشتیکاری لێکۆڵینەوەکە، دەڵێت "هەرچەندە پێشبینی دەکرێت ئەو وزەیەی بۆ گەرمکردەنەوە بەکاردەبردرێت و ئەو کاربۆنەیشی لە ئەنجامدا دەردەدرێت، کەمببنەوە، بەڵام بەکارهێنانی ئامێرەکانی فێنککردنەوە لەزیادبووندایە، بە تایبەتیش لە وڵاتانی خاوەن ئابووریی تازە گەشەسەندوو، لە جیهانێکدا کە لە گەرمبووندایە."
 
لێکدانەوەی ئەو پسپۆڕە وایە؛ بۆ ئەوەی ئاستی داوانەئۆکسیدی کاربۆن و گازەکانی دیکەی دەبنە هۆی قەتیسبوونی گەرمای زەوی بۆ سفر کەمبکەینەوە، "پێویستە بۆ گەرمکردنەوە و ساردکردنەوەی ماڵان وزە و دەردانی گازەکان لە سەرانسەری جیهان کەمبکەینەوە." هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی ئەوەی ئێستا خەڵک زیاتر هەوڵی کەمکردنەوەی بەکاربردنی وزە دەدەن و هۆشیاری زیاتریان لە بارەی گەرمبوونی هەسارەکەوە لا دروستبووە، ئەم بۆیاخە نوێیەیان خواستی زیاتری لەسەر دەبێت. 
 
بۆیاخە نوێیەکە بە کۆمەڵێک رەنگ بەردەستدەبێت: سپی، سوور، زەرد، سەوز، نارنجی، مۆر و خۆڵەمێشی. بۆیاخەکە تەنیا بۆ خانوو و باڵەخانەکان بەکارناهێنرێت، بەڵکو دەتوانرێت لە ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی دیکەی دەرەوەی ماڵانیش بدرێت. 
 
یوجان پێنگ، یەکێک لە نووسەرانی لێکۆڵینەوەکە دەڵێت "بە رووپۆشکردنی رووە جۆراوجۆرەکان بەم بۆیاخە، بۆیاخەکە وەک گەرمابڕ کاردەکات."
 
بۆیاخەکە هەروەها دژەئاوە، کە ئەوەش وای لێ دەکات بەرگەی شێ بگرێت، هەروەها ئەو رووانەی بە بۆیاخەکە رووپۆشکراون، دەتوانرێت بە پەڕۆیێکی تەڕ بە ئاسانی پاکبکرێنەوە، ئەمە وەک لێکۆلینڤانەکان باسی دەکەن. 
 
بۆیاخەکە هەروەها بۆ ماوەی یەک هەفتە خراوەتە بەر گەرمای پلە بەرز (80 پلەی سیلیزی) و سەرمای سەخت (195 پلە خوار سفر) بێ ئەوەی رەنگ و کوالێتییەکەی لەدەستبدات. داهێنانە نوێیەکە بەرگەی بارانیش دەگرێت، بەگوێرەی ئەوەی کە لە ژینگەی ترشی بەرز و ترشی نزمدا تاقیکراوەتەوە. 
 
تیمی زانایانی ئۆسفۆرد بەردەوامن لە کارکردن لەسەر بۆیاخەکە بۆ ئەوەی بۆ مەبەستە جۆراوجۆرەکان بیگونجێنن و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە فرۆشتنی بکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە