رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا ئاماژە بەوە دەکەن، پووتین لە پلانیدا نییە بەشداری لە رێورەسمی ناشتنی یەڤگینی پریگۆژین بکات.
رۆژی سێشەممە 29ـی ئابی 2023، دیمتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا – کرێملن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئامادەبوونی سەرۆک ڤلادیمێر پووتین پلانی بۆ دانەنراوە؛ ئێمە زانیاریی دیاریکراومان لەسەر پرسەکەی نییە و هاوڕێکان و کەسە نزیکەکانی دەتوانن بڕیار لەسەر ئەوە بدەن."
میدیای رووسیا ئاماژە بەوە دەکەن ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری ساینت پیترسبۆرگ تەرمی پریگۆژین و ئەو کەسانەی کە لە تێکشکانی فڕۆکەکەدا گیانیان لەدەستدا بە خاکدەسپێردرێن.
رۆژی چوارشەممە 23ی ئابی 2023 ئاژانسی گواستنەوەی ئاسمانیی فیدراڵیی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا ناوی یەڤگینی پریگۆژین و نۆ کەسی دیکەی بڵاوکردەوە، کە لەنێو فڕۆکەکەدا بوون و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.
فڕۆکە تایبەتەکەی پریگۆژین، کە سێ تیمی فڕۆکەکە و شەش کەسی دیکەی تێدابوو، لە مۆسکۆوە بەرەو سەینت پیتەرسبۆرگ بەڕێکەوتبوو.
دوای رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی و گیانلەدەستدانی پریگۆژین، بەشێک لە بەرپرسانی رۆژئاوا پووتینیان بە کوشتنی پریگۆژین تۆمەتبار کرد.
رۆژی پێنجشەممە، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بەرپرسانی کۆشکی کرێملنی بە کوشتنی پریگۆژین تۆمەتبار کرد و گوتی: "ئەوە شتێکی ئاسایی نییە کە کەسێکی ریسوابووی متمانەپێکراوی پێشووی پووتین لەناکاو لە ئاسمانەوە دەکەوێتەخوارەوە، لەکاتێکدا دوو مانگ پێش ئێستا لە پووتین هەڵگەڕابووەوە.
هاوکات، ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێمە هیچ پەیوەندیمان بەو دۆخەوە نییە؛ پێموایە هەموو کەسێک دەزانێت کە کێ تێوەگلاوە".
گیانلەدەستانی پریگۆژین لە کاتێکدایە، حوزەیرانی ئەمساڵ یاخیبوونی سەربازی لە دژی مۆسکۆ راگەیاند. 10 هەزار چەکداری گرووپەکە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی ئۆکراینایان جێهێشت و بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتن؛ شاری رۆستۆڤیان کۆنترۆڵکرد و تاوەکو 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ نزیکبوونەوە، بەڵام دواتر کشانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ