ئەورووپییەکان پارەکەی دەدەن؛ ئەمریکا زیاتر لە 3500 مووشەک بە ئۆکراینا دەفرۆشێت

29-08-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا رایدەگەیێنێت، رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی سێ هەزار و 350 مووشەکی دوورمەودا و ژمارەیەک کەرستەی دیکەی سەربازی بە بەهای 825 ملیۆن دۆلار بە ئۆکراینا داوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2025، ئاژانسی هاریکاریی ئاسایشی بەرگریی ئەمەریکا (DSCA) رایگەیاند، پێدانی چەکەکان بە ئۆکراینا بۆ ئەوەیە "توانای ئۆکراینا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو باشتر بکات و بە خۆپڕچەککردن باشتر بەرگری بکات."
 
ئاژانسە ئەمریکییەکە دەشڵێت، "ئەمە پاڵپشتی لە سیاسەتی دەرەوە و ئامانجەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەکات بە باشترکردنی ئاسایشی وڵاتێکی هاوبەش کە هێزێکە بۆ سەقامگیریی سیاسی و پێشکەوتنی ئابووری لە ئەورووپا."
 
فرۆشتنی مووشەکەکان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەسند کراوە، بەڵام هێشتا نەچووەتە کۆنگرێس بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت. 
 
بەشی زۆری پارەی چەکەکان لەلایەن دانیمارک، هۆڵەندا و نەرویج دەدرێت و بەشێکی دیکەی پارەکەش دەبێتە قەرز و دواتر ئۆکراینا خۆی دەیداتەوە. 
 
جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە دەستیپێکردووە. سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا، بەڵام هەردوولا لەسەر راگرتنی جەنگەکە رێکنەکەوتوون. 
 
لە سەردەمی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، واشنتن زیاتر لە 65 ملیار دۆلاری وەک هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکراینا تەرخانکرد، بەڵام ترەمپ لەوکاتەوەی گەڕاوەتەوە دەسەڵات، گوشاری خستووەتە سەر ئەورووپا بۆ ئەوەی رۆڵێکی گەورەتر لە دابینکردنی یارمەتی سەربازی بۆ ئۆکراینا بگێڕن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە