جیهان
پیرۆگێس، بەلەمی نەریتیی ماسیگرتنی لە دار دروستکراون، زۆرجار لەلایەن ئەو کۆچبەرانەوە بەکاردەهێنرێت کە هەوڵدەدەن زەریای ئەتڵەسی ببڕن بۆ ئەوەی بگەنە دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا. وێنە: AA/ Getty Images
رووداو دیجیتاڵ
بەلەمێکی هەڵگری کۆچبەران لە کەناراوەکانی مۆریتانیا سەراوژێر بوو و بەو هۆیەوە 69 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەرپرسێکی باڵای پاسەوانی کەناراوەکانی مۆریتانیا رایگەیاند، رووداوەکە درەنگانی شەوی سێشەممە روویداوە، کاتێک کۆچبەرەکان رووناکیی شارۆچکەیەکیان لە کەناراوەکانی مۆریتانیا بینیوە کە نزیکەی 80 کیلۆمەتر لە باکووری نواکشۆتی پایتەختەوە دوورە و "بەرەو لایەکی بەلەمەکە رۆیشتوون و بوونەتە هۆی سەراوژێربوونی."
بەرپرسەکە گوتی، یەکێک لە بەلەمەکانی پاسەوانیی کەناراوەکان توانیویەتی 17 کەس لەنێو بەلەمەکە رزگار بکات.
پێشتر راگەیێندرا 49 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای پاسەوانیی کەناراوەکان دواتر ژمارەکەی بۆ 69 کەس بەرزی کردەوە.
بەگوتەی کۆچبەرە رزگاربووەکان، بەلەمەکە هەفتەیەک پێشتر بە نزیکەی 160 کەسەوە گامبیای جێهێشتبوو کە هاووڵاتیانی سەنیگالی و گامبیای تێدابووە.
خنکان لە کاتی پەڕینەوە مەترسیدارەکەی نێوان ئەفریقا و ئەورووپادا رووداوێکی باوە، کە شەپۆلە بەهێزەکانی زەریا و بەلەمە کۆن و خراپەکان پەڕینەوە دوورودرێژەکە مەترسیدارتر دەکەن.
بەگوێرەی ئاماری نافەرمی، لانیکەم 10,457 کۆچبەر لە ساڵی 2024ـدا لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئیسپانیا لە رێگەی دەریاوە گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوە نەکرد کە کۆچبەرانی رووداوەکەی رۆژی سێشەممە بەرەو کوێدەڕۆیشتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ