رووداو دیجیتاڵ
هۆڵەندا چیدیکە پێویستی بەوە نەماوە مافی مانەوە بداتە ئەوانەی وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا دەکەن. بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کۆچبەرانی هۆڵەندا، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە هیچ داواکارییەک بۆ وەرگرتنی ڤیزای زێڕین وەرناگیرێت.
تاوەکو ئێستا هەر وەبەرهێنەرێک یەک ملیۆن و 250 هەزار یۆرۆی خستبایە پڕۆژەیەکەوە لە هۆڵەندا، مافی مانەوەی وەردەگرت. دەبووایە وەبەرهێنەرەکە ئەو پارەیە بخاتە سەر هەژمارێکی بانکیی هۆڵەندی یان بانکێکی ئەوروپی کە لەو وڵاتەدا لقی هەبێت. هەروەها دەبوو لە ماوەی 5 ساڵدا وەبەرهێنەرەکە بتوانێت هەلی کار بۆ بەلایەنی کەمەوە بۆ 5 کەس دابین بکات.
لە ساڵی 2013ـەوە هۆڵەندا کار بە پرۆگرامی ڤیزای زێڕین دەکات. هێشتا سێ مانگ ماوە بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت لەو وڵاتە مافی مانەوە وەربگرن.
جگە لە هۆڵەندا چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپاش هەمان پرۆگرامیان هەیە. ئەم هەفتەیە لە قوبرس دۆزێک برایە بەردەم دادگە کە گومان دەکرێت گەندەڵی لە پرۆگرامی ڤیزای زێڕیندا کرابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ