لێکۆڵینەوەیەک لە دانیمارک: کۆچبەران هەست بە زیادبوونی رەگەزپەرستی بەرامبەریان دەکەن

29-11-2023
کۆچبەران لە کاتی کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
کۆچبەران لە کاتی کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لێکۆڵینەوەیەکی نووسینگەی مافی مرۆڤی دانیمارک دەڵێت، 8 لە 10 پەناخواز هەست بە زیادبوونی رەگەزپەرستی بەرامبەریان دەکەن.
 
نووسینگەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، کچانی چاوشین و قژ زەردی دانیمارکی و کچانی لەچک بەسەری پەناخواز دەبەنە فرۆشگەکان، بە هەمان توانای ئیشکردن و سیڤی، تاوەکو کاریان پێبدرێت و بزانرێت کامیان رەتدەکرێنەوە.
 
لە یەکێک لە فرۆشگەکان وەکو لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت، بەڕێوەبەری فرۆشگەکە کچە لەچک بەسەرەکە رەتدەکاتەوە.
 
ئەو بەڕێوەبەرە لە وەڵامی ئەوەی بۆچی رەتیکردەوە دەڵێت، "بەڵێ دیارە کە من بەڕێوەبەری ئەم بەشەی کۆمپانیام و بەهۆی ئەوەی لەچکی بەسەرەوەیە پێم باش نییە لای ئێمە کار بکات".
 
لەچک بەسەرەکە لە بیستنی ئەو قسەیە سەری دەسووڕمێت.
 
قژ زەردەکە دەچێت بۆ کۆمپانیای خاوەنی فرۆشگەکە و پێیان دەڵێت، ئەو رۆژنامەڤانە و پێشکێشکردنی سیڤییەکەی هەوڵێک بووە تەنیا بۆ زانینی ئاستی رەگەزپەرستی.
 
دەستبەجێ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە نامەیەک دەنێرێت بۆ کەناڵە تەلەڤزیۆنەکە و دەڵێت، ئەوەی کە بەڕێوەبەری ئەو فرۆشگە کردوویەتی هەڵوێستێكی تایبەت بە خۆی بووە و گوزارشت لە سیاسەتی کۆمپانیاکە ناکات.
 
محەمەد، هاووڵاتییەکی دیکەی لەدایکبووی دانیمارکە، ئەویش لە شوێنی کارەکەی هەست بە زیادبوونی رەگەزپەرستی دەکات.
 
محەمەد دەڵێت، "خەمبارم لەبەرئەوەی شتی ناخۆش دەبینم و دەبیستم، وەک ئەوەی تەنیا چاوشینیان دەوێت بۆ کارکردن".
 
ئەو قسەیە کارمەندی کۆمپانیایەکی کەرەستەی بیناسازی پشتڕاستی کردەوە.
 
مۆرتین ئێمبۆرگ، بەرپرسی بەشی تەکنیکی کۆمپانیایەکی کەرەستەی بیناسازییە و دەڵێت، "روونە کە هەندێ کەس هەن دەڵێن، چاوشینی قژ زەردمان دەوێت کارمان لەگەڵ بکات".
 
ئەو رەفتارانە لەکاتێکدایە، لە 5.8 ملیۆن دانیشتووانی دانیمارک، سەروو 500 هەزاریان پەناخوازن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە